لیستی مووچەی مانگی تەمموز ڕادەستی وەزارەتی دارایی عێراق کرا

لیستی مووچەی مانگی حەوت ڕادەستی وەزارەتی دارایی عێراق کرا و شاندێکی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش سەردانی بەغدا دەکات.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 21-07-2024، لیستی مووچەی مانگی تەمموز (حەوت)ـی سەرجەم فەرمانبەران، مووچەخۆران، دەزگا ئەمنی و سەربازیەکان لەلایەن تیمی هونەری وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە ڕادەستی بەڕێوبەرایەتیی گشتیی ژمێریاریی لە وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ کرا.
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەوەی خستووەتە ڕوو، لیستی مووچەی خانەنشینان بە هاوتاکراوی بەپێی یاسای خانەنشینی یەکگرتوو ڕادەستی وەزارەتی دارایی عێراق کراوە.
لەوبارەوە شڤان جەباری، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا، ڕایگەیاند، لە ئەمڕۆوە وەزارەتی دارایی عێراق دەست دەکات بە وردبینی لەو لیستەیەی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆی ناردووە.
بە گوێرەی زانیارییەکان، وەزارەتی دارایی عێراق هەوڵ دەدات، هەمان ئەو میکانیزمەی بۆ وردبینی لە لیستی هەردوو مووچەی مانگەکانی ئایار و حوزەیرانی هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان، جێبەجێ کردووە، بۆ لیستی مووچەی مانگی تەمموزیش بەکار بهێنێت بۆ ئەوەی گرفتی خەرجکردنی مووچەکانیان دووبارە نەبێتەوە.
بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، ئەمڕۆ یەکشەممە، 21-07-2024، شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات بە مەبەستی تاوتوێکردنی مووچەی فەرمانبەران و هێزە ئەمنییەکان، بودجە و چەند پرسێکی دیکە لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەتی عێراق و وەزارەتی دارایی فیدراڵی.
ڕۆژی سێشەممە، 16-07-2024، بڕی 676 ملیار و 36 ملیۆن دینار وەک شایستەی مووچەی هەردوو مانگی ئایار و حوزەیران (پێنج و شەش)ـی هێزەکانی پێشمەرگە و دام و دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان؛ خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.
وەزارەتی دارایی و ئابووریی ڕۆژی چوارشەممە، 17-07-2024 دەستی بە دابەشکردنی مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان کرد و پرۆسەکە تاوەکوو ڕۆژی پێنجشەممە، 18-07-2024 بەردەوام بوو.
بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووریی، هەرێمی کوردستان یەک ملیۆن و 114 هەزار و 194 مووچەخۆری هەیە و کۆی مووچەی مانگانەیان دەبێتە نزیکەی 913 ملیار دینار.