کێشە تەکنیکیەکەی مایکرۆسۆفت هیچ کاریگەری لەسەر ڕووسیا نەبووە

رۆژی 19ـی ئەم مانگە، بەهۆی کێشەیەکی تەکنیکی لە یەکێک لە سێرڤەرەکانی کۆمپانیای کراود ستڕایک، کاریگەریی نەرێنی لەسەر زۆرێک لە کۆمپانیا و دامەزراوەکانی جیهان هەبووە، لە کاتێکدا ئەو کێشەیەی کە ڕوویدا زۆرینەی وڵاتانی گرتەوە، کەچی ڕووسیا هیچ کێشەیەکی نەبوو.
سەرەتا گریمانەی ئەوە دەکرا هێرشێکی سایبەر ئەتاکی مۆسکۆ بێت لە دژی نەیارەکانی، بەڵام پسپۆڕانی بواری ئایتی ڕووسیا دەڵێن: ئەمە درێژکراوەی ململانێکانی کۆماری و دیموکراتەکانی ئەمەریکایە.
بەهۆی ئەو کێشە تەکنیکییەی لە یەکێک لە سێرڤەرەکانی کراود ستڕایک دروستبوو، کاریگەریی نەرێنی لەسەر زۆرێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن و نەخۆشخانە و فڕۆکەخانە و بانکەکان و دامەزراوەکانی جیهان هەبووە. گوتەبێژی کۆشکی کرێملن ڕایگەیاند، کێشەکە هیچ کاریگەرییەکی بۆ سەر ڕووسیا نەبووە.
مەکسیم، شارەزای ئامێرە ئەلیکترۆنیەکان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "لێرە، هاووڵاتیان بەشێوەی خۆکار نوێبوونەوەکانی مایکرۆسۆفت چالاک ناکەن، بەڵام هەموو ئەو کۆمپانیایانەی ڕاستەوخۆ پابەندی نوێبوونەوەکان بوون دووچاری ئەو گرفتە بوونەوە" دەشڵێت "ڕووسیا دەمێکە کار بە نەرمەکاڵای ناوخۆیی دەکات، ئەمەش گەواهیدەری ئەوەیە کە ئەمە ڕێگای دروستی وڵاتانی سەربەخۆ و بەهێزە، هەربۆیە وڵاتەکەمان هیچ زیانێکی پێ نەکەوت، ئەوەش دەرخەری ئەو ڕاستیەیە کە ڕووسیا بۆ ئەم ئاڵەنگارییانە ئامادە بوو".
ئیسمایل، شارەزای بواری ئایتی دەڵێت: "19ی ئەم مانگە، هەڵەیەکی گەورە کەوتە سیستمی ویندۆزەوە، لە نوێبوونەوەی پرۆگرامی فالکۆن و لە بەشی تایبەت بە کۆمپانیا گەورەکان، زیانی گەورە بەر ئوسترالیا، بەریتانیا و ئەمەریکا کەوت، بەڵام وڵاتانی وەک چین، ڕووسیا، ئێران زیانیان بەرنەکەوت. لێرەوە دەتوانین بڵێین کە پشتبەستن بە بەرهەمی ناوخۆیی زۆر سەرکەوتوانە كاری خۆی کردو شایستەی بەرەو پێشبردنی زیاترە. لەلایەکی دیکەوە دەتوانین بڵێن چەند ڕۆژێک بەر لەم ڕووداوە، هەوڵی کوشتنی دۆناڵد ترامپ درا، بۆیە ڕەنگە ئەمە کاردانەوەی لایەنی کۆماری بێت بۆ دیموکراتەکان و ئەو کۆمپانیایانەی گومان دەکرێت لەم کارەدا هەبن".
ڕۆژی 19ـی ئەم مانگە، کۆمپانیای مایکرسۆفت دووچاری کێشەیەکی تەکنیکی بوویەوە، سەرۆکی کۆمپانیا ئەمەریکییەکە ڕایگەیاند "ئەو کێشەیەی کە بووە هۆی ئیفلیجکردنی زۆرێک لە کۆمپانیاکانی جیهان چارە کرا، بەڵام بەهۆیەوە زیاتر لە 60 ملیار دۆلاری زیانی هەبوو، شارەزایانی بواری ئایتی لە مۆسکۆ دەڵێن، رووسیا کار بە نەرمەکاڵای ناوخۆیی دەکات، بۆیە لەم زیانانە بەدوور بوو".