سیستەمی دژە درۆن، پلانی پیشەسازیی بەرگریی یۆنان بەھێزتر دەکات

سیستەمی دژە درۆنی سێنتارۆس، کە بە ناوی بوونەوەرە ئەفسانەییەکەی نیوە مرۆڤ و نیوە ئەسپ ناونراوە، دەتوانێت لە دووری 150 کیلۆمەترەوە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەستنیشان بکات و لە دووری 25 کیلۆمەتردا بیپێکێت.

ساڵێک لەمەوبەر، لە یەکەم تاقیکردنەوەیدا لە دەریای سوور، سیستەمی سێنتارۆس دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی چەکدارە حوسییەکانی یەمەنی تێکشکاند، کە ئاراستە کەشتییەکی بازرگانیی ئەورووپی کرابوون؛ هاوکات، دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دیکەش بەخێرایی پاشەکشەیان پێ کرا.

کیریاکۆس ئینۆتیادیس، بەڕێوەبەری بەشی ئەلیکترۆنی لە پیشەسازیی ئاسمانیی ھێلینیکی سەر بە حکوومەت، کە سیستمی دژە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەرهەم دەهێنێت، ڕایگەیاند "سێنتارۆس، ئامێری ئەلیکترۆنیی درۆنەکانی پەک خستبوو."
هەروا ئاماژەیدا، بەرگریی یۆنان لە پلانیدایە ئەم سیستمە لە هەموو کەشتییەکاندا جێگیر بکات.

ئینۆتیادیس گوتیشی: ئەوە تاکە سیستەمی دژە درۆنی ئەورووپایە کە بەکردەیی و سەرکەوتوویی تاقیکراوەتەوە.

ئاماژەی بەوەش دا، تا ئێستا، یۆنان ژمارەیەک درۆنی هەواڵگری، چاودێری و سیخوڕی، بەکار هێناوە، کە زۆربەیان لە دەرەوەی وڵات دروستکراون، لەوانەش لە فەرەنسا و ئیسرائیل.

لەکاتی جێبەجێکردنی بەرنامەی بەرگرییە چەندین ملیار یۆرۆییەکەدا، سیستمی دژە درۆن و درۆنی شەڕکەری دروستکراوی یۆنان، لە نێویاندا گومەزی بالیستیی و دژە فڕۆکە، کە بە "قەڵغانی ئەخیلیس" ناسراوە، ڕادەستی هێزە چەکدارەکانی یۆنان دەکرێن.

ڕکابەری مێژوویی

تورکیا، هاوپەیمانی ناتۆ و ڕکابەری مێژوویی یۆنان، هەناردەکارێکی بەرفراوانی درۆنە،  لە کاتێکدا یۆنان نزیکەی 3.5%ی داهاتی ناوخۆیی گشتی بۆ کەرتی بەرگری خەرج دەکات.

پانتیلیس تزۆرتزاکیس، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سەنتەری تازە دامەزراوی هێلینیک بۆ داهێنانی بەرگری (HCDI) کە لەلایەن وەزارەتی بەرگرییەوە سەرپەرشتی دەکرێت، گوتی: لە دەیەی داهاتوودا، پلانمان هەیە نزیکەی 800 ملیۆن یۆرۆ لە داهێنان و بەهێزکردنی توانای بەرگریدا وەبەرهێنان بکەین. دەمانەوێت تێچووی پیشەسازیی بەرگریمان لە هەناردەکردنی سیستەمی دژە درۆن و درۆنەوە پڕ بکەینەوە.

کۆمپانیای ئاڵتوس، یەکێک لەو چەند کۆمپانیا تایبەتە یۆنانیانەی کە دۆرنی شەڕکەر بە هاوکاری لەگەڵ کۆمپانیایەکی فەرەنسی بەرهەم دەهێنێت، درۆنی جۆری کێرڤرۆسی بەرهەم هێناوە و توانای هەڵگرتنی باری زیاتر لە 30 کیلۆگرام تەقینەوە، یان مووشەکی پێشکەوتووی دژە تانکی هەیە.

زەکەریاس ساریس، هاوبەشی کۆمپانیای ئاڵتوس، کە درۆنی جۆری ISR هەناردەی پێنج وڵات دەکات، گوتی: من زۆر سەبارەت بە پیشەسازیی درۆنی یۆنان، گەشبینم.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment