ناسا وێستگەیەکی ئەتۆمی لەسەر مانگ دادەمەزرێنێت

ئاژانسی ناسا بە نیازە وێستگەیەکی ئەتۆمی بۆ بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا، بە توانای 100 کیلۆ وات، لەسەر مانگ دابمەزرێنێت.
بە گوێرەی هەواڵی ئاژانسی پۆلیتیکۆ، ناسا، داوای لە کۆمپانیاکان کردووە لە ماوەی 60 ڕۆژدا نەخشە و پێشنیازی خۆیان بۆ دامەزراندنی ویستگەیەکی ئەتۆمی بۆ بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا لەسەر مانگ، ئامادە بکەن؛ ناسا دەیەوێت وێستگەکە لە سەرەتای ساڵی 2030دا بخاتە گەڕ.
شۆن داڤی، بەڕێوەبەری کاتیی ناسا، بە ئاژانسەکانی هەواڵی ڕاگەیاندووە "مەبەست لە دامەزراندنی ئەو وێستگە ئەتۆمییە، دابینکردنی وزەی کارەبایە بۆ ئاسمانگەڕان کە لە داهاتوودا بۆ ماوەیەکی زۆر لەسەر مانگ دەمێننەوە."
پرۆژەی دامەزراندنی وێستگەی ئەتۆمی لەسەر مانگ، بیرۆکەیەکی تازە نییە، پێشتر لە لایەن ڕووسیاوە پێشنیاز کرابوو؛ بەڵام ئێستا ناسا بە جددی خەریکی جێبەجێ کردنی پرۆژەکەیە.
دابینکردنی وزەی کارەبا لە ڕێگەی وێستگەی ئەتۆمەوە، وەک جێگرەوەیەک بۆ وزەی خۆر دادەنرێت، بە تایبەتی لە ماوەی شەوی سەر مانگدا کە زیاتر لە دوو هەفتە دەخایەنێت.
ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، وای نیازە، پاش زیاتر لە 50 ساڵ، جارێکی دیکە، لە ساڵی 2027دا ئاسمانگەڕان بنێرێتەوە سەر مانگ، ئەوەش لە چوارچێوەی پرۆگرامی "ئەرتمیتس". ئەم پلانە، چەند جارێک دواخرا و هێشتاش ڕوون نییە ئایا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لە پشتیوانیی پرۆژەکە بەردەوام دەبێت یان نا؟