ڕۆمانۆوسکی: ئەمڕۆ گفتوگۆکانی ئەمنیی عێراق و ئەمەریکا دەست پێ دەکەن

باڵیۆزی ئەمەریکا لە بەغدا دەڵێت، لە ئەمڕۆوە دەست دەکرێت بە گفتوگۆی هاوبەشی ئەمنیی نێوان عێراق و ئەمەریکا و چەند پرسێکیش تاوتوێ دەکرێن.
ئەلینا ڕۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمەریکا لە بەغدا، لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ڕایگەیاندووە، ئەمڕۆ دووشەممە، 22-07-2024، "دەست دەکرێت بە گفتوگۆی هاوبەشی ئەمنیی لەنێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و عێراق لە واشنتن".
بە گوتەی ڕۆمانۆوسکی، لە کۆبوونەوەکەدا "بەرپرسە ئەمنییەکانی ئەمەریکا و عێراق، داهاتووی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و بەهێزکردنی هاوکاریی ئەمنیی نێوان هەردوو وڵات تاوتوێ دەکەن".
— Ambassador Alina L. Romanowski (@USAmbIraq) July 22, 2024
پرسی مانەوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش بە سەرۆکایەتیی ئەمەریکا، یەکێک لە تەوەرەکانی سەردانەکەی محەممەد شیاع سوودانی بوو بۆ واشنتن، چونکە لە ناوخۆ فشارێکی زۆر لەسەر حکوومەتەکەیەتی سەبارەت بە مانەوەی هێزە بیانییەکان. سەرەڕای هەموو ئەم فشارانە ئەمەریکاش چەندین جار ڕایگەیاندووە، داعش هێشتا مەترسییە لە ناوچەکە و ئامادە نین عێراق جێبهێڵن.
هاوکات، لیژنەیەکی باڵای سەربازیی عێراق و ئەمەریکاش سەبارەت فراوانکردنی هەماهەنگیی سەربازیی نێوانیان و دیاریکردنی ئەرکی داهاتووی هێزەکانی هاوپەیمانان پێک هاتووە، تاوەکو ئێستا چەندین کۆبوونەوە کراون.
دوای شەڕی ئیسرائیل و حەماس لە 7ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، وەک پشتیوانییەک بۆ خەڵکی فەڵەستین گرووپە چەکدارەکانی عێراق لەژێر ناوی بەرەی مقاوەمە هێرشەکانیان بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا دەست پێ کرد.
لە عێراق 71 گرووپی چەکدار هەن، ژمارەیان لە 135 هەزار چەکدار مەزندە دەکرێت. یەكێک لەو گرووپانەش بزووتنەوەی نوجەبایە. لە ساڵی 2013 دامەزراوە، ژمارەی چەکدارەکانی لە نێوان 10 بۆ 20 هەزار چەکدارن. ئەم گرووپانە لەلایەن ئێرانەوە پڕچەک دەکرێن و ڕادەهێنرێن.
لەدوای شەڕی ئیسرائیل و حەماسیش لە 7ی ئۆکتۆبەری ڕابردووەوە، لەژێر ناوی بەرەی مقاوەمە زیاتر لە 170 جار هێرش کراوەتە سەر بنکەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق، سوریا و ئوردن ؛ بەڵام بەهۆی هەڕەشە و فشارەکانی ئەمەریکا لە 4ی شوباتەوە تاوەکو ئێستا تەنیا 1 هێرش بۆ سەر بنکەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکە کراوە.