ئەورووپا لە ترسی ترامپ سیستەمی سەربازیی تەوزیمی دەگەڕێنێتەوە

لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا کە لە مانگی نۆڤەمبەری داهاتوو بەڕێوە دەچێت، لە ئەگەری گەڕانەوەی ترەمپ بۆ کۆشکی سپی دۆخی ئەورووپا ئاڵۆزتر دەبێت.

لە بەریتانیاوە تا فەرەنسا و تەنانەت ئەڵمانیاش، زۆرێک لە هاوپەیمانان لە بیرۆکەی گەڕاندنەوەی سیستەمی سەربازیی تەوزیمی دەکۆڵنەوە. لەکاتێکدا یەک لەسەر سێی وڵاتانی ئەندامی ناتۆ ئەمڕۆ جۆرێک لە خزمەتکردنی سەربازیی تەوزیمییان هەیە، لە کاتێکدا ئەم سیستەمە لە هەندێک وڵاتدا، هێشتا نەخوازراوە.

شۆن موناگان، بەرپرسی پرۆگرامی ئەورووپا و ڕووسیا و ئۆراسیا لە سەنتەری لێکۆڵینەوە ستراتیجی و نێودەوڵەتییەکان لە ئەمەریکا،بە "سی ئێن ئێن"ـی ڕاگەیاندووە "پرسیار هەیە سەبارەت بەوەی ئایا هاوپەیمانان ئامادەن بۆ شەڕێکی درێژخایەن وەک ئەوەی لە ئۆکرانیا ڕوودەدات یان نا؟" گوتیشی: هێشتا کار ماوە کە بکرێت، لەسەر توانای پیشەسازی، خەرجییەکانی بەرگری، و ڕۆڵی کۆمەڵایەتی، لەوانەش سیستەمی سەربازی تەوزیمی.

موناگان جەختیکردەوە، ناتۆ ڕووبەڕووی ئاستەنگ بووەتەوە لە گەیشتن بە ئامانجە نوێیەکەی کە لە ماوەی یەک مانگدا 300 هەزار کەسی ئامادە بۆ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دابین بکات، ئەمە جگە لەوەی لە ماوەی شەش مانگدا نیو ملیۆن سەربازی شەڕکەری لە بەردەستە.

ناتۆ ڕایگەیاندووە، بە شێوەیەکی سەرەکی، پشت بە هێزەکانی ئەمەریکا دەبەستێت. یەکێتی ئەورووپاش ڕایگەیاندووە، ئەندامەکانی ڕووبەڕووی کێشە دەبنەوە لە گەیشتن بەو ئامانجە، وادیارە نیگەرانە لە ئەگەری پشتبەستن بە سوپای ئەمەریکا ئەگەر ترامپ جارێکی دیکە پۆستی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا وەربگرێتەوە .

مۆناگان گوتی: هاوپەیمانانی ئەوروپا دەبێت ڕێگەی نوێ بدۆزنەوە بۆ دابیینکردنی سەرباز، لەناو ئەم مەترسی و ئاڵنگارییانە، زۆرێک لە وڵاتانی ئەورووپا خزمەتگوزاری سەربازیی تەوزیمی سەپاندەوە یان فراوانتریان کردووە، ئەمەش وەک بەشێک لە ستراتیجییەکان کە ئامانجیان بەهێزکردنی بەرگرییە.

ڕۆبێرت هامیلتۆن، ئەفسەری پێشووی سوپای ئەمەریکا، بەرپرسی توێژینەوەی ئۆراسیا لە پەیمانگای توێژینەوەی سیاسەتی دەرەوە، بە سی ئێن ئێنی گوت: گەیشتووینەتە ئەو تێگەیشتنەی کە ڕەنگە پێویست بکات دەستکاریی شێوازی کۆکردنەوەمان بۆ شەڕ و شێوازی بەرهەمهێنانی کەرەستەی سەربازی و دامەزراندن و ڕاهێنانی تاکەکان بکەین.

وێسلی کلارک، کە جەنەڕالێکی خانەنشینە و وەک فەرماندەی باڵای هێزەکانی ناتۆ لە ئەورووپا کاری کردووە، باسی لەوە کرد، "مەترسیەکانی شەڕێکی گەورە لە ئەوروپا زیادی کردووە، ڕوون نییە کە ئایا ئەمە شەڕێکی ساردی نوێیە یان بەڕاستیی شەڕ ڕوودەدات؟ بەڵام وەک هۆشدارییەک دەبینرێت".

کلارک، بەشداریی جەنگی کۆسۆڤۆی کردووە، پێی وایە ئەو هەوڵانە پێویستە وەرگرتنی سەربازیی تەوزیمی لەخۆ بگرێت، کە ژمارەیەک وڵاتانی ئەورووپایی دوای کۆتایی هاتنی جەنگی سارد ڕایانگرت.

پیشووتر دۆناڵد ترامپ ڕایگەیاندبوو، ئەگەر ببمەوە سەرۆک ئەوە بەرگریی لە یەک وڵاتی ئەورووپایی ناکەم تاوەکو پارە نەدات، گوتیشی: هەر وڵاتێکی ئەندام پارە نەدات، ئەوە ڕێگە دەدەم ڕووسیا داگیری بکات.

 

 

Fly Erbil Advertisment