ئۆباما پشتیوانی لە بەربژێربوونی کامالا هاریس دەکات

باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشووتری ئەمەریکا
باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشووتری ئەمەریکا

K24 – هەولێر:

باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشووتری ئەمەریکا و میشێل ئۆبامای هاوسەری لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا پشتیوانی خۆیان بۆ کامالا هاریس، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی وڵاتەکە راگەیاند.

باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشووتری ئەمەریکا و میشێل ئۆبامای هاوسەری، پەیوەندییان بە کامالا هاریس، جێگری سەرۆکی وڵاتەکە کرد و ڕایانگەیاند، "شانازیت پێ دەکەین و ئەوەی لە تواناماندابێت دەیکەین تا ببی بە سەرۆکی ئەمەریکا."

ڕۆژی 21ـی تەمووزی 2024 جۆ بایدن، لە نامەیەکی کراوەدا، کشانەوەی خۆی لە کێبه‌ركێی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد: لە کاتێکی دیکەی ئەم هەفتەیە زیاتر لە بارەی ئەو بڕیارەوە قسە دەکات.

بایدن لە نامەکەیدا، ئاماژەی بە کارەکانی ماوەی سێ ساڵ و نیوی ڕابردوو کردووە کە وەک سەرۆکی ئەمەریکا کردوویه‌تی و ڕایگەیاندووە: شانازییەکی گەورەی ژیانی بووە کە وەک سەرۆک توانیویەتی خزمەتی ئەمەریکاییه‌کان بکات.

بایدن باسی لەوە کردبوو: ئەمەریکا ئێسته‌ خاوەنی بەهێزترین ئابوورییە لە جیهاندا و وەبەرهێنانی مێژووییان لە بنیاتنانەوەی نەتەوەکەیاندا کردووە، هاوکات کاریان کرد بۆ کەمکردنەوەی نرخی دەرمان بۆ کەسانی بەساڵاچوو، هەروەها چاودێریی تەندروستی گونجاویان بۆ ئەمەریکییەکان فره‌وان كردووه‌ و یەکەم ئافره‌تیی ڕەشپێستی ئەمەریکایی بۆ دادگه‌ی باڵا دەستنیشان کردووە.

بایدن نووسیویەتی: ئەوەی بە دەست هاتووە بە بێ پشتیوانی گەلی ئەمەریکا نەدەکرا و باسی لە پەتای کۆرۆنا و قەیرانی دارایی جیهانی کردووە و ڕایگەیاندووە، توانیویانە بە سەرکەوتوویی تێیی پەڕێنن. هاوکات بایدن جەختی کردووەتەوە کە دیوکراسی وڵاتەکەی پاراستووە و توانیویەتی هاوپەیمانییەتی وڵاتەکەی لە سەرانسەری جیهاندا بەهێز بکاتەوە.

بایدن لە نامەکەیدا بۆ گەلی ئەمەریکا دەڵێت: گەورەترین شانازی ژیانم بووە کە وەک سەرۆک خزمەتی گەلەکەی بکات و مەبەستی بووە دووبارە خۆی کاندید بکاتەوە، بەڵام لە بەرژەوەندی حزبەکەی و وڵاتەکەیدایە، دەستبەرداری ئەوە بێت و سەرنجی تەنیا لەسەر جێبەجێکردنی ئەرکەکانی دەبێت، لەو ماوەیەی ماویه‌تی وەک سەرۆکی ئەمەریکا.

بایدن ئاشکرایشی کردووە: لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا بە وردی باس لە ناوەڕۆکی ئەو بڕیارەی دەکات بۆ گەلی ئەمەریکا و سوپاسی خۆیشی بۆ هەموو ئەوانە دەربڕیوە لە ماوەی ڕابردوو کاریان بۆ دووبارە هەڵبژاردنەوەی کردووە، هاوکات سوپاسی کامالا هاریسی کردووە کە لە کارەکانیدا وەک جێگری سەرۆک هاوبەشی بووە.

Fly Erbil Advertisment