بەرگریی شارستانیی سۆران: ئەمساڵ 12 حاڵەتی خنکان لە سنووری ئیدارەی سۆران تۆمارکراوە

K24 – هەولێر:
ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانیی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران حاڵەتێکی دیکەی خنکانی ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوەکرد، ئەمساڵ 12 حاڵەتی خنکان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران تۆمارکراوە بەهۆکاری ناشارەزایی لە مەلەوانی.
2ـی ئابی 2024، بەرگریی شارستانیی سۆران ڕایگەیاند: دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ ئاگادارکراینەوە لە بوونی حاڵەتێکی خنکان لە گوندی ساوای ناحیەی خەلیفان و دەستبەجێ تیمی پاراستنی ڕووباری سۆران دەرچوون بۆ شوێنی ڕووداوەکە.
بەپێی زانیارییەکانی بەرگریی شارستانیی سۆران، لەو ڕووداوە پێنج کەس کەوتبوونە نێو ئاو، لە ئەنجامدا کچێک بەناوی لانە حەمەدئەمین سۆفی (تەمەن 14 ساڵ) خنکاوە و تەرمەکەی دەرهێنرا.
هەروەها دوو کەسی دیکە بە ناوەکانی ئاشنا حەمەدئەمین سۆفی (تەمەن 17 ساڵ) و سیما حەسەن (تەمەن 19 ساڵ) ڕزگارکران وڕەوانەی نەخۆشخانە کران و ئێستا یەکێکیان لەژێر چاودێری چڕی پزیشکیدایە و دوو کەسی دیکەش بە سەلامەتی ڕزگارکران کە هەموویان خەڵکی ناوچەکە بوون.
هاوکات بەرگریی شارستانی سۆران ڕایگەیاندووە: "بەداخەوە ئەمساڵ ئەمە 12ــەمین حاڵەتی خنکانە لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران تۆماردەکرێت بە هۆکاری ناشارەزایی و نەزانینی مەلەوانی و چەندین هۆکاری دیکە کە هەمیشە ئێمە هۆشیاری بڵاودەکەینەوە و ڕێنمایی بە گەشتیاران و خەڵکی ناوچەکە دەدەین بۆ ڕێگریکردن لە حاڵەتەکانی خنکان".