میری ئێزدییان: دەمانەوێت هاووڵاتییانمان بەو پەڕی شکۆمەندییەوە بگەڕێنەوە زێدی خۆیان

میر حازم تەحسین بەگ، میری ئێزدیان، لە گۆتاری دەیەمین ساڵیادی جینۆسایدی هاووڵاتییانی ئێزدی گوتی: ئەمڕۆ یادی کۆمەڵکوژیی هاووڵاتییانی ئێزدی لە شنگال دەکەینەوە، کە هەزار هاووڵاتیی بێ تاوان لە کچان و ئافرەتان، منداڵ، لاوان و بەساڵاچووان دەکەینەوە کە لەسەر دەستی مەترسیدارترین ڕێکخراوی خوێنڕێژ لە سەدەی 21 کۆمەڵکوژ کران".

میر حازم گوتیشی: ئێمە کە باسی کۆمەڵکوژی ئێزدییان دەکەین، کە لە 3ی ئابی 2014 کرا باس لە زنجیرەیەک تراژیدیا دەکەین کە بەسەر ئێزدییەکاندا هێنرا و لە بیر و هزرماندا ناسڕرێنەوە کە کۆی تراژیدییەکانی جینۆساید بەسەر ئێزدییەکاندا هاتووە بە درێژایی مێژوو دەگاتە 73 تراژیدیا و ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە مێژوو خۆ دووبارە دەکاتەوە و هاووڵاتییانی ئێزدی بە پێکهاتەیەکی کۆمەڵکوژکراو بناسرێین.

هەروا ئاماژەی دا "ئەو ئێزدییانەشی ماون، ئەوانەن کە لە پاشماوەی ئەو جینۆساید و کۆمەڵکوژیانەن کە لە ڕابردوو لە دژیان کراوە. لە کاتێکدا باسی کۆمەڵکوژی ئێزدییەکان دەکەین، ئاماژە بەو کارەساتە دەکەین کە هیچ ئێزدییەک لە ماڵ و زێدی خۆی نەمایەوە و هەموویان دەربەدەرکران و بە هەزاران کەسیان لە چیای شنگال گەمارۆدران و بە هەزار ئێزدی دیکەش ئاواری هەرێمی کوردستان بوون و ژمارەیەکیش پەنایان بۆ وڵاتانی دیکە برد، ئێمە کۆمەڵکوژییەکانمان بیر ناچێتەوە و بینیمان چۆن کچەکانمان بە کەنیزەک گیران و لە بازاڕی پارێزگای نەینەوا دەفرۆشران".

لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا میری ئێزدیان گوتی: لە سەرەتای کۆمەڵکوژییەکە زیاتر لە شەش هەزار هاووڵاتیی ئێزدی کوژران و بە هەزاران هاووڵاتیی دیکە ڕفێندران و تاوەکوو ئێستا 94 گۆڕی بە کۆمەڵی هاووڵاتییانی ئێزدی دۆزراونەتەوە و دەیان مەزارگەی ئایینی تەقێندرانەوە. ئەمە جگە لەو زیانە ماددیانەی ئێزدییەکان دووچاری بوونەوە؛ بەڵام سەرەڕای ئەوەی داعش شکستی پێ هێنراوە کەچی هێشتا هەزاران ئافرەتی ڕفێندراوی ئێزدی چارەنووسیان نەزانراوە و ئێستاش گۆڕە بە کۆمەڵەکان هەڵنەدراوەتەوە و قوربانییەکان لە سەر بنەمای ئایینی ئێزدی بەخاک نەسپێردراون. هەروەها هەزار هاووڵاتیی ئێزدی هێشتا لە کەمپەکان بە گەرما  و سەرمادا لە مەینەتیدان، لە کاتێکدا ئاوارەی ناوچەکانی دیکەی عێراق گەڕاونتەوە زێدی خۆیان.

ڕاشیگەیاند "سوپاسی هاوکاریی و هەڵوێستەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین لە ساتی کارەساتەکاندا دەرگای ماڵ، مزگەوت، کڵێسا و قوتابخانەکانیان بەڕووی ئێزدییەکاندا کردەوە و لەخۆیان گرتن و هەموو ئەوەی لە دەستیان هات پێشکەشیان کردین لە کاتێکدا ئێزدییەکان تەنانەت پێویستیان بە وشەیەکی دڵخۆشکەریش بوو. لێرەوە سەرۆک بارزانی هەڵوێستێکی شەرەفمەندانەی هەبوو، پشتیوانمان بوو. هەروەها هەڵوێستی نێچیرڤان بارزانی بە کردنەوەی نووسینگەی ئازادکردنی ڕفێندراوە ئێزدییەکان. هەروا ئەو هاوکارییەکەی مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پێشکەشی دەکات بە دابینکردنی بودجەیەک بۆ هاوکاری دارایی بۆ ئافرەت و کچە ڕزگارکراوەکانی ئێزدی، ئەمە سەرەڕای ئەو قەیرانە دارایی هەرێمی کوردستان تێدایە، ئەمە زۆر جێگەی دەستخۆشییە، ئەمەش وای کردووە سوورتر بین لەسەر ئەوەی دەست بە خاک و نیشتمانی خۆمانەوە بگرین".

میر حازم تەحسین میری ئێزدیان گوتی: دەمانەوێت بە شکۆمەندییەوە بگەڕێینەوە زێدی خۆمان، نەک بە ترس و دڵەڕاوکێوە، چونکە نامانەوێت کارەسان و تراژیدیایەکی دیکەمان بەسەر بهێنرێتەوە، دەمانەوێت هاووڵاتییانی ئێزدی بە سەر بڵندیی بەو پەڕی متمانەوە بگەڕێتەوە زێدی خۆی، لەگەڵ ئەمەشدا دەبێت پێداویستی و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانیان بۆ دابین بکرێت وەک ئەوەی بۆ هەموو پێکهاتەکان و گەلی عێراق کراوە.

هەر لە گوتارەکەیدا میر حازم گوتی: دەبێت حکوومەتی عێراق زیاتر جددی بێت لە پرسی ئێزدییەکان و بۆ چارەکردنی پرسە سیاسی و ئەمنییەکانی شنگال، چونکە شنگال ئەمڕۆ پێویستی بەوەیە سەقامگیر بێت و کۆتایی بە ناکۆکییە ئەمنییەکان بهێنرێت، بۆ ئەوەی هاووڵاتییان متمانە و دڵنیاییان بۆ دروست بێت و بگەڕێنەوە زێدی خۆیان. هەروا دەبێت حکوومەتی فیدرال خزمەتگوزاریی بگەیەنێتە ناوچەکە و گەنجانی شنگال بە پۆلیس دابمەزرێن و ئیدارەدانی شنگال بە ڕێککەوتن بێت و ئێزدییەکان نوێنەریان لە دانووستانەکاندا هەبێت. هەروەها دەبێت سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەممەد شیاع سوودانی بودجەیەکی تایبەت بە شارۆچکە شنگال دابین بکات.

Fly Erbil Advertisment