ژینگەی هەولێر پاک دەکرێتەوە و سەرپێچیکارانیش سزا دەدرێن

بە مەبەستی پاراستنی ژینگەی هەولێر، ژمارەیەک ڕێنمایی گرنگ بۆ کارپێکردنی مووەلیدەی گەڕەکەکان، ئۆتۆمبێل، وێستگە و پاڵاوتگە یاسایی و نایاساییەکان لە سنووری پارێزگای هەولێر دەرکران. پارێزگاریش دەڵێت، هەر لایەنێک پابەندی ڕێنماییەکان نەبێت، بە توندی سزا دەدرێت.
دوابەدوای هۆشداریی پسپۆڕان و ژینگەدۆستان لە زیادبوونی ڕێژەی پیسبوونی هەوای شاری هەولێر و دەوروبەری؛ ئەمڕۆ یەکشەممە، 04-08-2024، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ژمارەیەک ڕێنمایی گرنگی بۆ پاراستنی ژینگەی شارەکە ڕاگەیاند.
ئومێد خۆشناو باسی لەوە کرد، لە ماوەی ڕابردوودا بەشێکی زۆری مووەلیدە ئەهلییەکانی هەولێر ڕەچاوی پرسی پاراستنی ژینگەیان نەکردبوو، بۆیە ڕێکاری یاساییان لەگەڵ گرتوونەتە بەر کە بریتی بوون لە پێبژارن و ئاگادار کردەنەوە.
بە گوتەی ئومێد خۆشناو، لەمەودوا ڕێکارەکانیان لە بەرانبەر موەلیدەی گەڕەکەکان توندتر دەکەن و بێجگە لە ئاگادارکردنەوە و پێبژاردن؛ سزای دەستگیرکردنی خاوەن موەلیدە، وەرگرتنەوەی شوێنی دانانی موەلیدە و چەند سزایەکی دیکەش زیاد دەکەن.
پارێزگاری هەولێر چەند ڕێنماییەکی بۆ پاراستنی ژینگە دەرکرد:
* داخرانی 138 پاڵاوگەی نایاسایی لە سنووری پارێزگای هەولێر بە مەبەستی پاراستنی ژینگە.
* دەبێت گازی کوالێتیی باش بۆ کارپێکردنی موەلیدەی گەڕەکەکان بەکار بهێندرێت و ڕۆژانەش پشکنین بۆ کوالێتییەکەی بکرێت.
* یەک هەفتە مۆڵەت دەدرێتە ئەو موەلیدانەی سیستەمی بێدەنگ (کاتم صوت)ـیان لە موەلیدەکانیان نەبەستووە تاوەکو سیستەمەکە ببەستن؛ ئەگەر نا، ڕێکاری یاساییان لەگەڵ دەگیرێتە بەر.
* هەر ئۆتۆمبێلێک ژینگە پیس بکات، دەستی بەسەردا دەگیرێت و دوای ئەوە بەڵێننامە لە خاوەنەکەی وەردەگیرێت تا ئەو کاتەی چارەی کێشەکە بکات.
* داوا لە هەردوو وەزارەتی کارەبا و سەرچاوە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کراوە مەرجەکانی ژینگەپارێزی لە وێستگەی هەڵمی خەبات جێبەجێ بکەن، چونکە ناڕەزایەتیی هاووڵاتییانی ناوچەکەی لێ کەوتووەتەوە و ژینگەی پیس کردووە.
پارێزگاری هەولێر لە بەشێکی قسەکانیدا باسی لەوەش کرد، لیژنەیەکی تایبەتیان بە سەرۆکایەتیی جێگری پارێزگار پێک هێناوە بە مەبەستی چاودێریی جێبەجێکردنی ئەو ڕێنمای و بڕیارانەی ئەمڕۆ دەریان کردوون.