یەحیا ڕەسوول: دەربارەی ئەرکی داهاتووی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی گەیشتووینە قۆناغێکی نوێ

گوتەبێژی فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەڵێ: لێژنە هاوبەشەکانی دیاریکردنی ئەرک و ڕۆڵی نوێی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق گەیشتوونەیە قۆناغێکی نوێی دانووستانەکان، ئەویش بابەتی گۆڕین و گواستنەوەی ئەرکی هاوپەیمانانە لە داهاتوودا.
یەحیا ڕەسووڵ، بە ئاژانسی فەرمیی عێراقی ڕاگەیاندووە: ڕێککەوتنێکی ئەمنی و سەربازییان لەگەڵ ئەمەریکا هەیە و لە چوارچێوەی ئەو ڕێککەوتنەدا مامەڵە لەگەڵ واشنتن دەکەن.
ئاماژەی بەوەش داوە "تا ڕادەیەکی باش توانیویانە سەرکەوتووبن لە دانانی سنوورێک بۆ هێرشەکانی سەر هێزەکانی ئەمەریکا و ڕاوێژکارە بیانییەکان لە عێراق". دەشڵێت: ڕاگەیەندراوەکەی حکوومەتی عێراق لە دوای هێرشەکەی سەر حەشدی شەعبی لە جورف و ئەلسەخر ڕوون و ئاشکرایە، ئەو ڕاستیانە دەردەخات چی کراوە و چی ڕووی داوە.
شەوی سێشەممە، 30ـی تەممووزی ڕابردوو فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا بنکە و بارەگای گرووپە میلیشیاکانی عێراقیان لە ناوچەی جورف ئەلسەخری پارێزگای بابل بۆمباران کرد. دوای هێرشەکە، یەحیا ڕەسووڵ گوتەبێژی فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق ڕایگەیاند، ئەو سەرپێچییە مەترسیدار و حیساب بۆ نەکردنانە، تا ڕادەیەکی زۆر هەوڵ و میکانیزم و کاری هاوبەشی ئەمنی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش لە عێراق و سووریا تێک دەدات.
هەروەها ڤێدانت پاتێل، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بە کوردستان24 ڕاگەیاندبوو "هێرشەکە لەپێناو لە ناوبردنی چەند هەڕەشەیەکی چاوەڕوانکراو بووە بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی".