فه‌ره‌یدوون عه‌بدولقادر: به‌رژه‌وه‌ندییه باڵاكانی هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت له په‌رله‌مان به‌هه‌ند وه‌ربگیرێن

سیاسه‌تمه‌دارێكی كورد باس له‌وه ده‌كات، به‌رژه‌وه‌ندییه باڵاكانی هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت له په‌رله‌مان و له ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مانیش له‌به‌رچاو بگیردرێن؛ ده‌شڵێت، ئۆپۆزسیۆن له په‌رله‌مانی كوردستان ڕۆڵی خۆی نه‌بینیوه.
پێنجشه‌ممه، 8ـی ئابی 2024، فه‌ره‌یدوون عه‌بدولقادر، سیاسه‌تمه‌دار له میانی به‌شداریكردنی له به‌رنامه‌ی (ئێكس) كه له لایه‌ن كۆڤان عززه‌ت له كوردستان24ـوه پێشكه‌ش ده‌كرێت، هێمای بۆ ئه‌وه كرد، په‌رله‌مان ده‌بێت ڕه‌نگدانه‌وه‌ی خه‌ڵك بێت و نوێنه‌رایه‌تی ڕاسته‌قینه‌یان بكات، سه‌باره‌ت به په‌رله‌مانی كوردستانیش له خولی یه‌كه‌مدا گوزارشتی له‌م ڕه‌نگدانه‌وه‌یه ده‌كرد و بۆ خوله‌كانی دواتریش ده‌بوو باشتر كاری خۆی بكردبایه و هه‌ڵگری په‌یامه‌كانی بووایه.
فه‌ره‌یدوون عه‌بدولقادر سه‌رنجی بۆ ئه‌وه ڕ‌اكێشا، په‌رله‌مانی كوردستان له ڕابردوودا، ڕۆڵی گرنگی هه‌بووه، بۆ نموونه هه‌وڵی جیددی هه‌بووه له ڕێگریكردن له شه‌ڕی ناوخۆ و دانبه‌خۆداگرتنی لایه‌نه‌كان له به‌رانبه‌ر یه‌كدیدا، ته‌نانه‌ت په‌رله‌مانتارانی ئه‌و كات نموونه‌ی كه‌سانی دانسقه بوون و به‌ر له ڕاپه‌ڕین خه‌باتی سیاسی و شۆڕشگێڕیان ئه‌زموون كردبوو و له ئاستی باڵادا بوون.
ئه‌و سیاسه‌تمه‌داره باسی له‌وه‌ش كرد، له سه‌ره‌تای پێكهێنان و دروستكردنی په‌رله‌مانی كوردستان، به‌رنامه‌ی پارتی و یه‌كێتی له یه‌كدی نزیك بوو، كه هه‌ردوولا له‌گه‌ڵ ئه‌وانی دیكه له هه‌وڵی دروستكردنی قه‌واره‌یه‌كی سیاسی‌دا بوون.
ناوبراو هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كرد، په‌رله‌مان شوێنی دانانی به‌رنامه و ستراتیجیی خزمه‌تگوزارییه گشتییه‌كانه له بواره جیاجیاكان بۆ خزمه‌تی هاووڵاتییان و به‌ره‌وپێشبردنی كۆمه‌ڵگه له ئاسته جیاوازه‌كاندا.