مانگی داهاتوو تره‌مپ و هاریس لە چەند دیبه‌یتێک ڕووبەڕووی یەک دەبنەوە

هاریس و ترەمپ
هاریس و ترەمپ

K24 - هەولێر:

مانگی داهاتوو، دیبەیتی تره‌مپ و هاریس بەڕێوەدەچێت و تره‌مپ دەڵێت: ئاستی زیره‌كیی هاریس زۆر لە بایدن خراپترە و هاریسیش خۆشحاڵە بە ئەنجامدانی دیبەیتەکە و ئامادەسازی دەکات تۆڵەی دیبەیتەکەی بایدن بکاتەوە.

دۆناڵد ترەمپ کاندیدی سەرۆکایەتیی کۆمارییەکان و سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا، رازیبووە بەوەی لە مانگی ئەیلوول لەگەڵ کامالا هاریس جێگری سەرۆکی ئەمەریکا و کاندیدی سەرۆکایەتیی دیموکراتەکان دیبەیت ئەنجامبدات. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ترەمپ پێشنیازی کردووە، لە هەمان مانگ، دوو دیبەیتی دیکەش لە کەناڵی فۆکس نیوز و ئەی بی سی ئەنجامبدەن.

دواجار دۆناڵد ترەمپ کاندیدی سەرۆکایەتی کۆمارییەکان رازیبوو بەوەی، لەگەڵ کامالا هاریس جێگری سەرۆکی ئەمەریکا و کاندیدی سەرۆکایەتی دیموکراتەکان دیبەیت ئەنجامبدات. دیبەیتەکە لە 10ی ئەیلوول بەڕێوەدەچێت و هێرشی توندیش دەکات سەر هاریس و دەڵێت: لە بایدن زۆر خراپترە و توانای دیبەیتی نییە.

دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند: "سەرەڕای ئەو قسانەی کراون، بەڵام پێموایە گرنگە دیبەیت ئەنجامبدەین، ئێمە ڕێککەوتووین لەسەر ئەوەی 4ی ئەیلوول لە فۆکس نیوز، 10ی ئەیلوول لە ئێن بی سی و 25ی ئەیلوولیش لە ئەی بی سی دیبەیت ئەنجامبدەین. هیوادارم هاریسیش لەسەر ئەو بەروارانە ڕێککەوێت و ئەو سێ دیبەیتە ئەنجام بدەین. هاریس زۆر لە بایدن خراپترە، لەو کاتەوەی بووەتە کاندید هیچ چاوپێکەوتنێکی ئەنجامنەداوە، چونکە ئەو ناتوانێت ئەنجامیبدات و ئاستی زیرەکی زۆر لاوازە". 

لەلایەن خۆیەوە، کامالا هاریس، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا و کاندیدی سەرۆکایەتیی دیموکراتەکان ئاماژەی بەوەکرد: "دڵخۆشم بەوەی لە کۆتاییدا ترەمپ ڕازیبوو بەوەی 10ـی ئەیلوول لە ئێن بی سی دیبەیتمان هەبێت. چاوم لەوەیە لەو بەروارە لە ئێن بی سی دەرکەوێت. لەبارەی بە ئەنجامدانی چاوپێکەوتنیش، لەگەڵ تیمەکەم قسەمکردووە و پێش کۆتایی ئەم مانگە چاوپێکەوتنێک دەکەم".

ترەمپ و هاریس دوو ڕکابەری سەرسەختی یەکدین و بەردەوام ڕەخنەی توند لەیەکدی دەگرن، دوای ئەوەی بایدن لە دیبەیتەکەی لەگەڵ ترەمپ لە 27ـی حوزەیران ئاستێکی خراپی پیشکەشکرد، ڕووبەڕووی ڕەخنەی زۆر بوویەوە و یەکێک لە هۆکارەکانی کشانەوەشی لە کێبڕکێی سەرۆکایەتی ئەوە بوو، ئێستاش هەموو هیوای دیموکراتەکان هاریسە و چاویان لەوەیە لەم دیبەیتە لە ترەمپ بباتەوە.

دیبەیتەکەی 27ـی حوزەیرانی 2024ـی نێوان بایدن و ترەمپ، بەهۆی لاوازی ئەدای بایدن لە وەڵامدانەوەی ترەمپ و قسەکردندا، دیموکراتەکانی نیگەران کرد ئەمەش وایکرد، فشارێکی زۆر لەنێوخۆی ئەو حزبە لەسەر داواکردن بۆ کشانەوەی بایدن دروست بوو، تا دواجار بایدن بڕیاری کشانەوەی دا.

لە 21ـی تەمموزی 2024، جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمەریکا، دوای بڵاوکردنەوەی نامەی دەستبەرداربوونی لە دووبارە خۆکاندیدکردنەوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک پەیامێکی ئاراستەی دیموکراتەکان کردووە و پشتیوانی خۆی بۆ کامالا هاریس دووپات کردەوە.

هاریس، لە ڕێگەی ڕاپرسییەکی ئۆنلاینی دیموکراتەکانەوە کە پێنج ڕۆژی پێ چووە؛ توانیوی دەنگی لە 99%ـی نێردەی دیموکراتەکان بەدەست بهێنێت، بەمەش دەبێتە کاندیدی فەرمیی ئەو پارتە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دۆناڵد ترەمپ لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا.

ڕۆژی سێشه‌ممه‌، 6ـی ئابی 2024، مێدیا ئه‌مه‌ریكییه‌كان بڵاویان كرده‌وه‌، کامالا هاریس، جێگری سەرۆکی ئەمه‌ریکا و کاندیدای دیموكراته‌كان بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مه‌ریكا، تیم والتز، حاكمی ویلایەتی مینیسوتای بۆ پۆستی جێگری سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا كاندیدا كردووه‌.

بڕیارە لە 5ـی تشرینی دووەمی 2024 هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا بەڕێوە بچێت، ڕاپرسییەکان دەری دەخەن دۆناڵد ترەمپ و کامالا هاریس دەنگەکانیان لەیەکترەوە نزیکن و چاوەڕێی ڕکابەرییەکی سەخت دەکرێت.

Fly Erbil Advertisment