ئیسرائیل گەشتی دەرەوەی وڵات لە ئەفسەرانی فڕۆکەوان قەدەغە دەکات

فەرماندەیی هێزی ئاسمانی ئیسرائیل، ئەمڕۆ دووشەممە 12ی ئابی 2024، فەرمانێکی بە پەلەی دەرکرد بۆ قەدەغەی گەشتی دەرەوەی وڵات لە ئەفسەرانی فڕۆکەوانی وڵاتەکەی، ئەمەش وەک ئامادەکارییەکی پێشوەختە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێرشە چاوەڕوانکراوەکەی ئێران.
مێدیای فەرمی ئیسرائیل ڕایگەیاند "سوپای وڵاتەکەی ئەمڕۆکە فەرمانێکی نوێی دەرکردووە و هۆشداریی داوەتە هەموو ئەو سەربازانەی ئیسرائیل کە لە جۆرجیا و ئازەربایجانن بۆ ئەوەی هۆشیاربن و ئاگەداری خۆیان بن لە ترسی تۆڵەسەندنەوەی ئێران، بەو پێیە هەردوو وڵات لە سنوورەکانی ئێرانەوە نزیکن.
هەروەها بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل تەواوی ئەندامانی کابینەکەی ئاگادارکردووەتەوە بۆ ئەوەی هۆشدارییە ئەمنییەکان بۆ ڕۆژانی داهاتوو کارا بکەنەوە بەهۆی هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەی ئێران. ڕاشیگەیاندووە "چەند ڕۆژی داهاتوو بۆ ئیسرائیل چارەنووسسازە".
لە دوای کوژرانی ئیسماعیل هەنییە سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس و پاسەوانێکی لە بەرەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە، 31ـی تەمموزی 2024، لە تاران، کۆماری ئیسلامی ئێران بەڵێنی تۆڵەسەندنەوەی داوە و بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسدارانی ئێرانیش ڕایگەیاندووە، لە کاتێکی گونجاو وەڵامێکی توندی ئیسرائیل دەدەنەوە.