ئومێد خۆشناو: هەر پاڵاوگەیەکی نایاسایی داخرابێت ڕێگەی پێنادرێتەوە کاربکات

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر

ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، هەر پاڵاوگەیەکی نایاسایی داخرابێت ڕێگەی پێنادرێتەوە کاربکات، چونکە ژینگە و تەندروستی خەڵک لەپێش هەمووشتێکەوەیە.

دووشەممە 12ـی ئابی 2024، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، کار لەسەر پلانێک دەکەن بۆ دیاریکردنی شوێنێکی دوور لە ئاوەدانی بۆ کارکردنی پاڵاوگەکان بەپێی ڕێنماییەکان، چونکە ئەو پاڵاوگانە پێداویستی سووتەمەنی دابیندەکەن و سەرچاوەی بژێوی کۆمەڵێک خەڵکن.

ئومێد خۆشناو گوتی: ئەو پاڵاوگانە زیاتر لە پانزە ساڵە کار دەکەن، ئەوانەی کارێک دەکەن ژینگە پیس دەکەن، لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکرێت، گوتی: ئێستاش بڕیارەکە وەکو خۆی جێبەجێ دەکرێت، بەڵام میکانیزمێک دەدۆزرێتەوە کە لە دووری شار دەرفەتی  کاریان پێ بدرێتەوە لەبەر ئەوەی پێویستیی سووتەمەنی خەڵکە، بەڵام بەشێوەیەکی یاسایی کە بەپێی ڕێنماییەکانی ژینگە کار بکەن.

پارێزگاری هەولێر هیوای خواست لەسەر ئەو پرسە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان هەڵوەستەی جدیی بکات بۆ ئەوەی مۆڵەتدان بە کۆمپانیاکان بەشێوەیەکی دروست بێت، بە دابینکردنی زەوی دوور لە شار ، گوتی: چاوپۆشێ لەهیچ کۆمپانیایەک ناکرێت کە ژینگە پیس دەکەن.

Fly Erbil Advertisment