دراوی ئەلیکترۆنی کارەبای ئێران کەم دەکاتەوە

پاداشت بە هەر کەسێک دەدرێت ئەگەر زانیاری لەسەر ئامێرێکی نایاسایی دروستکردنی دراوی ئەلیکترۆنی لە ئێران بدات بە حکوومەتی ئەو وڵاتە.
ئێران ڕووبەڕووی شەپۆلێکی سەختی گەرما بووەتەوە کە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی بەکارهێنانی وزەی کارەبا، هاوکات بەهۆی پچڕانی کارەبا لەو وڵاتە، کەرتی پیشەسازی ڕووبەڕووی قەیران بووەتەوە.
مستەفا ڕەجەبی مەشهەدی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای کارەبای ئێران، بەشێک لە هۆی پچڕانی کارەبا لە ئێران، بۆ ئامێرە نایاساییەکانی دروستکردنی دراوی ئەلیکترۆنی گەڕاندەوە.
ڕەجەبی باسی لەوەش کرد، بەخششێکی یەک ملیۆن تومەنی کە دەکاتە نزیکەی 20 دۆلار دەدرێت بە هەر کەسێک کە زانیاری لەسەر هەر ئامێرێکی دروستکردنی دراوی ئەلیکترۆنی بێمۆڵەت بە حکوومەت دەدەن.
ئاماژەی بەوەش کرد، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 230 هەزار ئامێری دروستکردنی دراوی ئەلیکترۆنی نایاسایی دەستیان بەسەردا گیراوە کە توانای بەکارهێنانی کارەبایان 800 بۆ 900 مێگاواتە.