دیندار زێباری: زۆرینهی ڕاسپارده نێودهوڵهتییهكان له ههرێمی كوردستاندا جێبهجێ كراون

K24 – هەولێر:
ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان، دەڵێت: ههرێمی كوردستان پێوهره نێودهوڵهتییهكان جێبهجێ دهكات، هەروەها هەرێمەکە بۆ نههێشتنی جیاكاری ڕهگهزیی كاری كردووه. گوتیشی: زۆرینهی ڕاسپارده نێودهوڵهتییهكان له ههرێمی كوردستان جێبهجێ كراون.
دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان، لەمیانەی بەشداریی لە گەشتی دواهەواڵی کاتژمێر 23ـی کوردستان24ـدا، گوتی: بابەتی ناساندنی ئایینی و نەتەوەیی بەلای هەرێمی کوردستانەوە گرنگە، ئەمڕۆ بە تێر و تسەل باسمان لە هەنگاوەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد.
ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان، ئاماژەی بەوە کرد: لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەم لە جنێڤ باسم لە ئازارەکانی خوشک و برا ئێزدییەکان کرد، هەروەها باسم لە ڕزگارکردنی شنگال لەسەر دەستی پێشمەرگە کرد، ئەمەش هەموو هەنگاوی حکوومەتی هەرێمە بۆ پاراستنی پێکهاتەی ئایینی و دانپێدانیان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ناساندنی ئەو تاوانانەی کە دەرهەقیان کراوە.
ناوبراو ڕایگەیاند: هەرێمی کوردستان سەروەری تەواوی خۆی هەیە، بۆیە تایبەتمەندییەک بەو هەرێمە دراوە، بەشداریکردنی هەرێمی کوردستان لەم کۆبوونەوەی جنێڤ هەنگاوێکی گرنگە بۆ پێگەی هەرێم لەسەر ئاستی نێودەوڵەتییدا
دیندار زێباری، سەرنجی بۆ ئەوە ڕاکێشا، ههرێمی كوردستان پێوهره نێودهوڵهتییهكان جێبهجێ دهكات، هەروەها هەرێمەکە بۆ نههێشتنی جیاكاری رهگهزیی كاری كردووه. گوتیشی: زۆرینهی راسپارده نێودهوڵهتییهكان له ههرێمی كوردستان جێبهجێ كراون.
جەختی لەوەش کردەوە، یەکێکە لە دەستکەوتەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پلانی هەرێمییە بۆ مافەکانی مرۆڤ.
لە درێژەی قسەکانیدا، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان، ئەوەی خستەڕوو: زیاتر لە هەزار و 600 رۆژنامەنووسی ئافرەت لە هەرێمی کوردستاندا هەن.
ناوبراو دەڵێت: "خوشک و برا ئێزدییەکان وەکو نەتەوە، کوردی ڕەسەنن و لەرووی ئایینییەوە لە یاسای ژمارە 5ـی ساڵی 2015 دانیان پێندراوە. هەروەها لە ڕووی کارگێڕییەوە بەڕێوەبەرایەتییەک لە حکوومەتی هەرێم سەرپەرشتی خوێندنی ئێزدی دەکات و ماددەی ئێزدییاتی دەخوێندرێت لەو ناوچانەی کە زۆرینەیان دانیشتووانی ئایینی ئێزدین.
دیندار زێباری، هەر لەبارەی ئێزدییەکان ئەوەشی خستەڕوو، بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری ئێزدییەکان لە وەزارەتی ئەقاف و کاروباری ئایینی هەرێمی کوردستان هەیە بۆ سەرپەرشتیکردنی کارەکانیان.