ئەمەریکا پشتیوانیی لە هێزێکی نیشتمانی تۆکمە لە کوردستان دەکات

شۆڕش ئیسماعیل وەزیری کاروباری پێشمەرگە لەگەڵ کۆڵۆنێڵ گیڤن رایس بەرپرسی نووسینگەی هاریکاری ئاسایش لە کونسوڵخانەی گشتی ئەمریکا  و مێجەر تۆم ستاوفەر یاریدەدەری پاشکۆی سەربازیی ئەمریکا لە عێراق
شۆڕش ئیسماعیل وەزیری کاروباری پێشمەرگە لەگەڵ کۆڵۆنێڵ گیڤن رایس بەرپرسی نووسینگەی هاریکاری ئاسایش لە کونسوڵخانەی گشتی ئەمریکا و مێجەر تۆم ستاوفەر یاریدەدەری پاشکۆی سەربازیی ئەمریکا لە عێراق

وەزیری پێشمەرگە دووپات لە ڕێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە دەکات بۆ دروستکردنی هێزێکی نیشتمانیی تۆکمە، بەرپرسی نوسینگەی هاریکاریی ئاسایشیش لە کونسوڵخانەی ئەمریکا پشتیوانیی وڵاتەکەیانی بۆ دروستکردنی ئەو هێزە دەربڕی.

شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری کاروباری پێشمەرگە لەگەڵ کۆڵۆنێڵ گێڤن ڕایس، بەرپرسی نووسینگەی هاریکاریی ئاسایش لە کونسوڵخانەی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان و مێجەر تۆم ستاوفەر، یاریدەدەری پاشکۆی سەربازیی ئەمریکا لە عێراق کۆبووەوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی پێشمەرگە، لەو کۆبوونەوەیەدا وەزیری پێشمەرگە ئاماژەی بە دۆخی ئەمنی کوردستان و عێراق و ناوچەکە کرد، پەیوەست بە پرۆسەی چاکسازیش وەزیری پێشمەرگە ڕایگەیاند: چاکسازیی بەردەوامە و ڕژدن لە گەیاندنی پرۆسەکە بە دەرئەنجامی کۆتایی. دەمانەوێت یەک یەکەی ژمێریاریی یەکگرتوو لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە بنیات بنێین بە هاوکاریی دۆستەکانمان لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی.

لەبارەی دروستکردنی فیرقەکان، وەزیری پێشمەرگە گوتی: بەردەوامین لە هەوڵەکان بۆ دروستکردنی فیرقەی زیاتر بۆ ڕێکخستنەوە و یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە پێناو دروستبوونی هێزێکی نیشتمانیی تۆکمە.

لە بەرامبەردا کۆڵۆنێڵ گیڤن ڕایس، سەبارەت بەو بەرەوپێشچوونانەی لە پرۆسەی چاکسازیدا کراون، دڵخۆشیی خۆی دەربڕی و هاوکاریی و پشتیوانیی و هەماهەنگی زیاتری وڵاتەکەی بۆ وەزارەتی پێشمەرگە دووپات کردەوە.

Fly Erbil Advertisment