ئاسایشی هەولێر هاووڵاتییان لە فێڵێک ئاگادار دەکاتەوە

K24 – هەولێر:
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر هاووڵاتییان ئاگادار دەکاتەوە، متمانە بەو کەسانە نەکەن بە ناوی بانکەکانەوە داوای بەڵگەنامە و کۆد و ژمارەی نهێنییان لێ دەکەن بۆ ئەوەی دۆلاریان بە 132 هەزار دینار بۆ بگۆڕنەوە.
19ـی ئابی 2024، ئاسایشی هەولێر ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: ماوەیەکە گرووپێک کە خەڵکی شارەکانی خوارووی عێراق و هەرێمی کوردستانن، هەڵساون بە دروستکردنی چەند هەژمارێکی جۆراوجۆر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەناوی بانکەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، بانگەشەی ئەوە دەکەن کە نرخی 100 دۆلار بە 132 هەزار دینار دەگۆڕنەوە، بەتایبەت بۆ ئەو هاووڵاتییانەی دەیانەوێت گەشت بکەن.
ئاسایشی هەولێر ڕوونی کردووەتەوە: ئەم گرووپە بە چەند ژمارە مۆبایلی جۆراوجۆر بە ڕێگەی تۆڕی (واتسئاپ) دەکەونە پەیوەندی لەگەڵ کەسەکە و داوای (پاسپۆرت و کارتی نیشتمانی و ماستەرکارت یان ڤیزاکارت)ی کەسەکە دەکەن، دوای چەند خولەکێک داوای (کۆد/ژمارەی) نهێنی سەر هەژماری بانکییەکەی لێ دەکەن و لە دوای پێدانی ئەو (کۆد/ژمارە) نهێنییە ڕاستەوخۆ هەر بڕەپارەیەک لەسەر هەژماری بانکییەکە هەبێت دەستی بەسەردا دەگرن.
هاوکات ئاسایشی هەولێر ئاماژەی بەوەشکردووە: لە ماوەکانی ڕابردوو چەند دیاردەیەک لەم شێوە ڕوویداوە و بڕەپارەیەکی هاووڵاتییان دزراوە، بۆیە داوا دەکەین خۆتان بەدوور بگرن لەم جۆرە کەسانە و متمانەیان پێ مەکەن.