ئەکبەر حەیدەر: ترس هەیە پۆستی قایمقامی خانەقین لە کورد وەربگیرێتەوە
ئەکبەر حەیدەر، بەرپرسی لقی 15ـی پارتی دیموکراتی کوردستان لە خانەقین دەڵێ: بەهۆی کەمبوونەوەی کورسییەکانی کورد لە ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە ترسمان هەیە پۆستی قایمقامی دیالەش لە دەستی کورد دەربهێنرێت لە کاتێکدا 95%ی شارەکە کوردن.
ئەکبەر حەیدەر دەشڵێت: لەدوای 2003ـەوە تاوەکوو ئێستا لە هەموو ئەو هەڵبژاردنانەی لە عێراق کراون، لە هەموویان خانەقینییەکان توانیویانە هەڵوێستی کوردپەروەرانەیان هەبێت لەوەی خانەقین دەنگی هاوپەیمانیی کوردستان و دەنگی حزب و لیستە کوردستانییەکان بووە.
گوتیشی: پێشتر لە ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە کورد خاوەنی شەش کورسی بووە و سەرۆکی ئەنجوومەن و جێگری پارێزگار و چەندین ڕاوێژکاریش هەر کورد بوون، بەڵام ئێستا هیچ یەکێک لەم پۆستان لەدەستی کورددا نەماون. کورسییەکانی ئەنجوومەن لە هەڵبژاردنی پێشووتر بووە سێ کورسی، کەچی لە هەڵبژاردنەکەی 18ی کانوونی یەکەمی 2023 تەنیا یەک کورسی بۆ کورد ماوتەوە، ئەویش ڕاستە کورسی یەکێتییە، بەڵام ئەندامەکە بەڕەچەڵە عەرەبی خەڵکی شارەبانە نەک خانەقین؛ هەربۆیە ڕەنگە هۆکار بێت بۆ ئەوەی هێندە خەمخۆر نەبێت بۆ داکۆکی لەسەر کوردستانی بوونی خانەقین یان بە پەرۆش بێت بۆ گەڕاندنەوەی ئەو پۆستانەی لە دەستی کورد دەرهێنراون.
بەرپرسی لقی 15ـی پارتی لە خانەقین ڕایگەیاند، هاوڕام لەگەڵ قسەکانی مەلا بەختیار ئەندامی پێشووی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کە خانەقین کراوەتە قوربانیی ڕێککەوتنی سیاسیی بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری کەرکووک، چونکە لە کەرکووکیش شایستەبوونی پۆستە ئیدارییەکانی کەرکووک بە گوێرەی حەوت کورسییەکەی کورد، دەبوایە زیاتر لە تورکمان و عەرەب بێت نەک تەخشان و پەخشان بکرێن.
ئەکبەر حەیدەر گوتیشی: ئێستا لە سنووری پارێزگای دیالە و خانەقین ترس هەیە بە کەمینە و زۆرینە مامەڵە لەگەڵ کورد بکرێت، چونکە شیعە و سوننە ڕێککەوتنیان کردووە و هەرچی پۆستە ئیدارییەکان هەیە لە نێوان خۆیان دابەشیان کردووە، هەربۆیە ترس هەیە قایمقامی خانەقینیش لە دەستی کورد دەربێنن لە کاتێکدا 95%ی دانیشتووانەکەی کوردە.