ڕۆژی شەممە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کۆ دەبێتەوە

ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک
ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک

K24 – هەولێر:

رۆژی شەممە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کۆ دەبێتەوە و بەرەی تورکمانی دەڵێت: بەشداریی کۆبوونەوەکە ناکەین.

بەپێی زانیارییەکان بڕیارە لەسەر داوای سەرۆکی نوێ، رۆژی شەممە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کۆببێتەوە، بۆ ئەم مەبەستەش بانگهێشتنامە بۆ ئەندامانی ئەنجوومەن نێردراوە. لای خۆیەوە بەرەی تورکمانی ڕەتی دەکاتەوە بەشداریی کۆبوونەوەی رۆژی شەممەی ئەنجمووەی پارێزگای کەرکووک بکات.

بەرەی تورکمانی عێراق جەخت لەوەدەکاتەوە؛ تا دەسەڵاتی دادەوەری چارەنووسی حکوومەتی نوێی خۆجێیی کەرکووک یەکلایی نەکاتەوە، نە بەشداریی کۆبوونەوە دەکەن نە پۆستەکانیشیان لە حکوومەتی خۆجێی وەردەرگرن.

شەوی شەممە 10ـی ئابی 2024 بەبێ بەشداریی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرەی تورکمانی و ژمارەیەک ئەندامی عەرەبی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە بەغدا، پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵبژێردران. ڕێبوار تەها بە پارێزگار و محەممەد حافزیش بە سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵبژێردران.

پێش ئەوەی کۆبوونەوەکە بکرێت، فراکسیۆنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرەی تورکمانی و هاوپەیمانیی عەرەبی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە سێ ڕاگەیەندراوی جیاوازدا ڕەتیان کردەوە بەشداریی کۆبوونەوەکەیان کردبێت و بە "نایاسایی" ناویان برد و جەختیان کردەوە: لە کاتی خۆیدا ئاگادارنەکراونەتەوە.

سێشەممە 20ـی ئابی 2024 بەرەی تورکمانی عێراقی، لەبارەی دانانی پارێزگاری کەرکووک و بڕیارەکەی دادگای فیدراڵیی لەبارەی پرسەکە، ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە تێیدا ئاماژەی بەوە دا: لە دانیشتنەکەی هۆتێلی ڕەشێد لە بەغدا بۆ مەبەستی هەڵبژاردنی کەسێک بۆ پارێزگاری کەرکووک پێشێلکاری یاسایی هەبوو، بەهۆی ئەوەی دانیشتنەکە بەبێ بەتەمترین سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بەڕێوەچوو، ئەندامانیش بە فەرمی ئاگادار نەکرابوونەوە کە کۆبوونەوە دەکرێت.

هاوکات ئەوەشی ئاشکرا کرد: مەرسومی کۆماری بۆ دانانی پارێزگاری کەرکووک، خێراترین مەرسومی کۆمارییە لە مێژووی پڕۆسەی سیاسیدا. هەروەها ڕێز لە بڕیاری دادگای فیدراڵی دەگرن، بەڵام سەرچاوەی دۆسیەکەش پێشێلکاری یاسایی ڕوونی تێدایە. بەرەی تورکمانی جەخت لەوەش دەکاتەوە، لە داواکردنی مافەکانیان پاشەکشە ناکەن.

Fly Erbil Advertisment