سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی ئیتالیا لە عێراق دەکات

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و ماوریتزیۆ گرێگانتی
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و ماوریتزیۆ گرێگانتی

K24 – هەولێر:

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و باڵیۆزی ئیتالیا لە عێراق جەخت لە بۆ بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا دەکەنەوە و گفتوگۆش لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و دوا پەرەسەندنەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان و ناوچەکە کرد.

ئەمڕۆ یەکشەممە (25ـی ئابی 2024) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ماوریتزیۆ گرێگانتی باڵیۆزی ئیتالیا لە عێراق کرد بە بۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی.

لە کۆبوونەوەکەدا کە میکێلێ کامێرۆتا کونسولی گشتیی ئیتالیا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، دوایین پێشهات و پەرەسەندنەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان و ناوچەکە تاوتوێ کرا.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی سوپاسی باڵیۆزی ئیتالیای لە عێراق کرد بۆ ئەو ماوەیەی کاری بۆ پەرەپێدانی پەیوەندی دوولایەنە کردووە.

لەلایەن خۆیەوە، باڵیۆزی ئیتالیا، خواستی وڵاتەکەی بۆ بەهێزترکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە و پێزانینی خۆی بۆ هاریکاری و هەماهەنگیی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی هەرێم لەگەڵ باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی دەربڕی.

بەشێکی دیکەی گفتوگۆکان دەربارەی دوا ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بوو، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی جەختی لە گرنگیی بەرێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردن لە سەر بنەمایەکی دادپەروەرانە و بێگەرد و لە ژێر چاودێری نێودەوڵەتی و دوور لە دەستوەردان و پێشێلکاری کردەوە.

0
Fly Erbil Advertisment