سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ مامۆستایانی وانەبێژ: شانازیتان پێوە دەکەم

کوردستان24 دەقی گفتوگۆی سەرۆکوەزیران لەگەڵ نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ بڵاودەکاتەوە

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ

K24 – هەولێر:

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەمیانی پێشوازیکردنی لە نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ، بڕیاریدا هەموو مامۆستایانی وانەبێژ بکرێنە گرێبەست و سوپاسی مامۆستایان و وانەبێژانی کرد کە سەرەڕای دۆخی سەختی دارایی، کۆڵیان نەداوە و درێژەیان بە ئەرک و پەیامی پیرۆزی خۆیان داوە.

25ـی ئابی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی، ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردە، پێشوازی لە ژمارەیەک لە نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژی هەرێمی کوردستان کرد و بڕیاریدا لەسەر داهاتی ناوخۆی حکوومەت، سەرجەم وانەبێژان کە ژمارەیان نزیکەی 38 هەزار کەس دەبێت بکرێنە گرێبەست.

لە کۆبوونەوەکەدا، مامۆستایانی وانەبێژ خۆشحاڵی خۆیان بۆ دیدارەکەیان لەگەڵ سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دەربڕی و دووپاتیان کردەوە، کە نیشانەی خەمخۆری و دڵسۆزییانە بۆ کەرتی پەروەردە و هەمیشە پشتیوانی لە مامۆستایان و پرۆسەی خوێندن بووە و داواشیان کرد، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ڕەزامەندی بدات لەسەر ئەوەی بکرێنە گرێبەست.

دوای گوێگرتن لە قسە و داواکارییەکانی نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەکرد: هەرێمی کوردستان بێبەش بووە لەو ڕێژەی دامەزراندنەی لەلایەن حکوومەتی فیدراڵییەوە لەسەر هەموو ناوچەکانی عێراق کردوویەتی. 

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی گوتیشی: هەندێک کەس لە بەغدا هەوڵی برسیکردنی خەڵکی کوردستان دەدەن و هانی حکوومەتی فیدراڵی دەدەن مووچە ڕەوانە نەکات و دێنەوە کوردستانیش هەوڵی جووڵاندنی مامۆستایان و هاووڵاتییان دەدەن تاوەکوو گلەیی بکەن، لە کاتێکدا، ئەوانەی خەڵکی کوردستان نانبڕاو دەکەن کەسێکی دیکەیە، بەڵام ڕووی ڕەخنە و گلەییەکان ئاراستەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن.

لە درێژەی قسەکانیدا، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی گوتی: ئەوانە دێن ناڕەزایەتی خۆیان دەردەبڕن و ئەو داوایەش لە خەڵک دەکەن کە ناڕازیبن، بەڵام نایەن هۆکارەکان دیاری بکەن و گلەیی و ناڕەزایەتییەکە ئاراستەی ئەو لایەنە بکەن کە بووەتە هۆکاری نانبڕینی ئەو خەڵکە.

هاوکات سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕوونیکردەوە: هۆکاری ئەوەی تاوەکوو ئێستا نەیانتوانییەوە لەوەی خواستی ئەوان بووە لە خزمەتکردن ئەنجامی بدەن بەهۆی بەستنی دەستی حکوومەتی هەرێم بووە لەو ئیمکانیاتانەی کە هەقی مامۆستایان و هاووڵاتییان بووە، حکوومەتی فیدراڵی نەیهێشتووە بەشێوەیەکی دادپەروەرانە مافی خەڵکی هەرێمی کوردستان بدرێت.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی باسی لەوەشکرد: داوا لە مامۆستایان دەکرێت خۆپیشاندان بکەن، خۆپیشاندان مافێکی سرووشتی هەر هاووڵاتییەکە کە ناڕازی بێت یان بیەوێت هەستی خۆی بە خۆپیشاندان دەرببڕێت، بەڵام خۆزگە هۆکارەکان دیاربووایە و ئاراستەی پەیامەکان بۆ ئەو لایەنانە بووایە کە تاوانبارن بەرانبەر بە خەڵکی هەرێمی کوردستان، نەک بێن خەڵکی کوردستان برسی بکەن و دواتریش هەر گلەیی لە خۆمان بکەینەوە.

لەبارەی هەڵوێستی مامۆستایان و وانەبێژان لە بەردەوامبوون لەسەر وانەووتنەوە، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی گوتی: خۆڕاگری و ڕەفتاری و لێبوردەیی ئێوە وانەیەکە دەبێت قوتابییان لێوەی فێربن.

هاوکات سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ستایشی ئەو رۆڵ و کاریگەرییەی مامۆستایانی وانەبێژی کرد لە سەرخستنی پرۆسەی خوێندن و گوتی: دەبێت هەموو ئەوانە لەبەرچاو بگیرێت و داواکارییەکانتان جێبەجێ بکرێن، بۆیە هەموو مامۆستایانی وانەبێژ دەکرێنە گرێبەست، ئەمەش موژدەیەکە بۆ هەموو مامۆستایانی وانەبێژی و هەقی خۆتانە و منەتی تێدا نییە.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دڵنیایی دایە مامۆستایانی وانەبێژ کە بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیان و داواشی لێکردن بەردەوام بن لەسەر خۆڕاگری و بەها پیرۆزەکان کە لەسەری پەروەردە بوون، ئاواش قوتابییان و منداڵان پەروەردە بکەن.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بە مامۆستایانی وانەبێژی گوت: شانازیتان پێودەکەم و کە بەردەوام بوون و ئەرک و پیشەی خۆتان بە بەرپرسیاریەتی وەرگرتووە و خەمی منداڵان و قوتابییانتان لە سەرووی خەمەکانی خۆتانەوە داناوە.

Fly Erbil Advertisment