مامۆستایانی وانەبێژ: سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی خەمخۆری پڕۆسەی پەروەردە و فێرکردنە

دەستەی نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ سوپاسی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دەکەن و بە "خەمخۆری پڕۆسەی پەروەردە و فێرکردن" لە هەرێمی کوردستان، ناوی دەبەن.
دووشەممە، 26-08-2024، دەستەی نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ لە هەرێمی کوردستان، لە پەیامێکدا سوپاس و پێزانینی خۆیان ئاراستەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی کرد دوای ئەوەی بڕیاری دامەزراندنی بۆ نزیکەی 38 هەزار مامۆستای وانەبێژ لە ماوەی مانگێکدا دەرکرد.
دەستەی نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ ئەم بڕیارەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بە "هەنگاوێکی گرنگ و گەورە لە پرۆسەی پەروەردە و فێرکردندا" دەزانن و دەڵێن، "گرێبەستکردنی نزیکەی 38 هەزار مامۆستای وانەبێژ بڕیارێکی ئازا و بوێرانە بوو کە بووە جێگەی ڕەزامەندی و دڵخۆشی هەزاران خێزان و گەنجی ئەم نیشتمانە" .
دەستەی نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانییان بە "خەمخۆری پڕۆسەی پەروەردە و فێرکردن" ناو بردووە و دەڵێن، "ئەم بڕیارە سەلمێنەری ئەوەیە سەرۆکی حکوومەت سەرەڕایی دڵسۆزیی بۆ پەروەردە و فێرکردن، هەروەها خەمخۆر و دڵسۆزە بۆ مافی مامۆستایان".
یەکشەممە، 25-08-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ژمارەیەک لە نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژی هەرێمی کوردستان کرد و دوای گوێگرتنی لە خواست و داواکارییەکانیان، بڕیاری دا لەسەر داهاتی ناوخۆی حکوومەت، سەرجەم وانەبێژان کە ژمارەیان نزیکەی 38 هەزار کەس دەبێت، بکرێنە گرێبەست.
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی سوپاسی مامۆستایان و وانەبێژانی کرد کە "سەرەڕای دۆخی سەختی دارایی، کۆڵیان نەداوە و درێژەیان بە ئەرک و پەیامی پیرۆزی خۆیان داوە و بەرپرسیاریەتی خۆیان بەجێگەیاندووە. "
هاوکات سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوە دا "بە داخەوە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان ناکرێت، هەر بۆ نموونە لە ئاستی حکوومەتی فیدراڵدا، لە پارێزگاکانی دیکەی عێراقدا، تەنیا لە ماوەی ساڵێکدا، نزیکەی یەک ملیۆن کەس دامەزراون، بەڵام تەنانەت یەک کەسیان بۆ هەرێمی کوردستان دانەمەزراندووە".