كارۆخ عه‌بدوڵڵا: بڕیاره‌كه‌ی سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی بۆ به‌گرێبه‌ستكردنی مامۆستایانی وانه‌بێژ سوپرایس بوو

كارۆخ عه‌بدوڵڵا، نوێنه‌ری گشتی مامۆستایانی وانه‌بێژ
كارۆخ عه‌بدوڵڵا، نوێنه‌ری گشتی مامۆستایانی وانه‌بێژ

نوێنه‌ری گشتی مامۆستایانی وانه‌بێژ له‌ ڕانییه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، هه‌موو نوێنه‌رانی مامۆستایانی وانه‌بێژ چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌یان نه‌ده‌كرد، سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی له‌م دۆخه‌ قورسه‌ داراییه‌ی هه‌رێمی كوردستان، بڕیارێك بدات 38 هه‌زار مامۆستای وانه‌بێژ بكاته‌ گرێبه‌ست.

دووشه‌ممه‌، 26ـی ئابی 2024، كارۆخ عه‌بدوڵڵا، نوێنه‌ری گشتی مامۆستایانی وانه‌بێژ له‌ ڕانییه‌ تایبه‌ت به‌ كوردستان24 گوتی، بڕیاره‌كه‌ی سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی بووه‌ هۆی سه‌قامگیریی سایكۆلۆژی ده‌روونی سه‌رجه‌م مامۆستایانی وانه‌بێژ.

كارۆخ عه‌بدوڵڵا باسی له‌وه‌ش كرد، ساڵانی ڕابردوو مامۆستایانی وانه‌بێژ به‌ دوودڵییه‌وه‌ له‌ناو پرۆسه‌ی په‌روه‌رده‌دا وانه‌یان ده‌گوته‌وه‌ و به‌رده‌وام ترسیان هه‌بووه‌ له‌وه‌ی میلاك شوێنیان بگرێته‌وه‌.

ناوبراو هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كرد، بڕیاره‌كه‌ی سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی تا ڕاده‌یه‌كی زۆر دڵه‌ڕاوكێ و نیگه‌رانییه‌كانی مامۆستایانی وانه‌بێژ چاره‌ ده‌كات.

نوێنه‌ری گشتی مامۆستایانی وانه‌بێژ له‌ ڕانییه‌ گوتیشی، بڕیاری دامه‌زراندنی 38 هه‌زار مامۆستای وانه‌بێژ له‌ لایه‌ن سه‌رۆكوه‌زیرانه‌وه‌، سوپرایس بوو و چاوه‌ڕوان نه‌ده‌كرا ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ بكاته‌ گرێبه‌ست!

یەکشەممە، 25ـی ئابی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ژمارەیەک لە نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژی هەرێمی کوردستان کرد.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی سوپاسی مامۆستایان و وانەبێژانی کرد کە سەرەڕای دۆخی سەختی دارایی، کۆڵیان نەداوە و درێژەیان بە ئەرک و پەیامی پیرۆزی خۆیان داوە و بەرپرسیاریەتی خۆیان بەجێگەیاندووە. 

هاوکات سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوە دا کە بە داخەوە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان ناکرێت، هەر بۆ نموونە لە ئاستی حکوومەتی فیدراڵدا، لە پارێزگاکانی دیکەی عێراقدا، تەنیا لە ماوەی ساڵێکدا، نزیکەی یەک ملیۆن کەس دامەزراون، بەڵام تەنانەت یەک کەسیان بۆ هەرێمی کوردستان دانەمەزراندووە.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دوای گوێگرتنی لە خواست و داواکارییەکانی مامۆستایانی وانەبێژ، بڕیاریدا لەسەر داهاتی ناوخۆی حکوومەت هەرێم، سەرجەم وانەبێژانی هەرێمی کوردستان کە ژمارەیان نزیکەی 38 هەزار کەس دەبێت بکرێنە گرێبەست.

نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ، سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ خەمخۆری و پشتیوانیی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان دەربڕی.

Fly Erbil Advertisment