فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکانی کەرکووک: درۆنێکی نەناسراومان خستووەتە خوارەوە

پارچە تێکشکاوەکانی درۆنێکی نەناسراوە لە سەنتەری شاری کەرکووک
پارچە تێکشکاوەکانی درۆنێکی نەناسراوە لە سەنتەری شاری کەرکووک

فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکانی کەرکووک ڕایگەیاند، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی نەناسراومان لە باکووری شاری کەرکووک خستووەتە خوارەوه، چونکە ڕەزامەندی فڕینی نەبووە. درۆنە تێکشکێنراوەکە لە نێو گەڕەکێکی کەرکووک کەوتووەتە خوارەوە و پارچەیەکیشی کەوتووتە نێو حەوشەی ماڵێک.

هێمن دەلۆ پەیامنێری کوردستان24 لە شوێنی کەوتنەخوارەوەی درۆنەکە ڕایگەیاند، سەرەتا دەنگی چەند تەقینەوەیەک بیسترا و دواتر لە ئاسمانی کەرکووک تەنێکی نامۆ بە چڕە دوکەڵێکەوە لە سەنتەری شاری کەرکووک کەوتە خوارەوە.

درۆنە نەناسراوەکە لە گەڕەکی تسعین و لە شەقامی قودس کەوتووەتە خوارەوە و هێزە ئەمنییەکان شوێنی کەوتنە خوارەوەی درۆنەکەیان گەمارۆداوە و دەزگای هەواڵگری و لایەنە پەیوەندیدارەکان سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن لە سەرچاوەی هەڵدانی درۆنەکە.

بەگوتەی پۆلیسی کەرکووک لە کەوتنە خوارەوەی درۆنەکە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە، تەنیا زیانی ماددی بە خانووی هاووڵاتییەک کەوتووە، بەهۆی ئەوەی پارچەیەکی درۆنەکە کەوتووە نێو حەوشەی ماڵەکەو ئاگری گرتووە و دواتر لەلایەن تیمی بەرگری شارستانی کەرکووک ئاگرەکە کۆنترۆڵ کراوە.

پارچەیەکی درۆن تێکشکاوەکە لە حەوشەی ماڵێکی کەرکووک
پارچەیەکی درۆنە تێکشکاوەکە لە حەوشەی ماڵێکی کەرکووک

 

Fly Erbil Advertisment