سوپای ئیسرائیل: کەمێک بەر لە گەیشتنمان بارمتەکان کوژرا بوون

ئەو شەش بارمتە ڕفێندراوەی لە ڕەفەح تەرمەکانیان دۆزرایەوە
ئەو شەش بارمتە ڕفێندراوەی لە ڕەفەح تەرمەکانیان دۆزرایەوە

سوپای ئیسرائیل ناسنامەی ئەو شەش بارمتەی بڵاو کردەوە، کە لە تونێلێکی شاری ڕەفەح بە کوژراوەی دۆزراونەتەوە و ڕاشیگەیاندووە "کەمێک بەر لە گەیشتنی سەربازەکانمان ئەو شەش بارمتەیە گولـلەباران کرابوون".

دانیال هاگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند "توانیمان ناسنامەی ئەو شەش بارمتە ڕفێنداوەی حەوتی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوو ئاشکرا بکەین کە بە دەستی چەکدارانی حەماس کوژراون".

گوتیشی: بەرە بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 1ی ئەیلوول لەنێو یەکێک لە تونێلەکانی شاری ڕەفەحی باشووری غەززە تەرمی هەر شەش بارمتەکەیان دۆزیوەتەوە کە یەکێکیان هاووڵاتییەکی ئەمەریکییە.

گوتەبێژەکەی سوپای ئیسرائیل دەڵێت: پێویستە ئاماژە بەوە بدەین کە بارمتەکان لە ماوەیەکی کورت بەر لەوەی بدۆزرێنەوە، لەلایەن چەکدارانی حەماس گولـلەباران کرابوون.

هەروەها ڕۆژنامەی "تايمز ئۆف ئیسرائيل" بڵاوی کردووە، ئەگەر هەیە کوشتنی بارمتەکان بۆ ڕۆژێک یان دوو ڕۆژ بەر لە دۆزرانەوەیان بگەڕێتەوە.

هەر لە بارەی ئەو شەش بارمتە کوژراوە، عێزەت ڕەشق، سەرکردەی بزووتنەوەی حەماس ڕایگەیاندووە، بەرپرسیارێتی مردنی بارمتەکان لە ئەستۆی ئیسرائیلە، چونکە هیچ خواستێکیان بۆ ئاگربەست نییە.

ناسنامەی بارمتە کوژراوەکان وەک ئەوەی سوپای ئیسرائیل بڵاوی کردووەتەوە:

کەرمل جات 39 ساڵ

عێدان یەروشمالی 24 ساڵ

هێرش گۆلدبێرگ پۆلین 23 ساڵ و هاووڵاتیی ئەمەریکی

ئەلێکسەندەر لۆبانۆڤ 32 ساڵ

ئەلمۆگ سارۆسی 26 ساڵ

عەریفی یەکەم – ئۆوری دانینۆ 25 ساڵ

هەر بەرە بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا دۆزینەوەی تەرمی شەش ڕفێندراوی حەوتی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردووی لە کەرتی غەززە ڕاگەیاند، ئاماژەیداوە، کە دڵنیابوونەتەوە یەكیک لە بارمتە کوژراوەکان جوویەکی بە ڕەچەڵەک ئەمەریکییە.

Fly Erbil Advertisment