تەنیا لە پێناو پۆستی پارێزگار، کورد زۆرینەی پۆستە ئیدارییەکانی کەرکووکی لە دەست داوە

ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک
ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک

دابەشکاریی پۆستە ئیدارییەکانی پارێزگای کەرکووک لەنێوان پێکهاتەکان بەشێوەیەکی نایەکسانە، کورد کە زۆرینەی شارەکەیە بەراورد بە نەتەوەکانی دیکە کەمترین پۆستیان بەرکەوتووە، بە پێچەوانەشەوە زۆرترین پۆستە ئیدارییەکان بە پێکهاتەی عەرەب دراوە، کەچی هێشتا چاویان لەوەیە پۆستی زیاتریان پێ بدرێت.

ڕەعد ساڵح، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە کوتلەی عەرەبی دەڵێت: مافی خۆمانە پۆستی زیاترمان پێ بدرێت، چونکە بەشێکی ئەو پۆستانەی مافی خۆمانە هێشتا وەرمان نەگرتووە لە کاتێکدا ڕێککەوتنی سیاسیی هەیە لەسەر چۆنێتی دابەشکردنی پۆستەکان.

پێکهاتەی تورکمان کە زیاتر لە %32ی پۆستەکانیان پێدراوە، بەڵام بەهۆی ئەو ناڕەزاییەی هەیانە ئامادە نین پۆستەکان وەرگرن و پڕیارن بکەنەوە و  لە ئیدارەی شارەکە بەشداری بکەن.

تورکیش عزەدین، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانی دەڵێت: پێویستە هاوبەشی ڕاستەقینە لە کەرکووک بەرجەستە بکرێت، بەڵام لە کەرکووک مافی تورکمان پێشێل کراوە، هەربۆیە نەک تەنیا پۆستەکان، بەڵکو دەبوایە تەواوی دامەزراوەکانیش بە ڕێژەی %32 دابەش بکرێن.

بەبڕوای پارتی دیموکراتی کوردستان باشترین چارە لەم قۆناغەدا گەڕانەوەیە بۆ دابەشکردنی پۆستەکان بەڕێژەی %32، چونکە کورد لە پێکهێنانی ئەم ئیدارەییەدا کەمتر لەو ڕێژەیەی بەرکەوتووە.

شەوی شەممە، 10ی ئابی 2024، بەبێ بەشداریی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرەی تورکمانی و ژمارەیەک ئەندامی عەرەبی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە هوتێل ڕەشیدی بەغدا، پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵبژێردران.

بە گوتەی قەیس خەزعەلی ئەمینداری گشتیی عەسائیب ئەهلیهەق، عەرەبی سوننە گەرەنتیان داوە کە سەرۆکی یەکێتی سازشی کردووە بۆ ئەوەی کەرکووک چیتر کوردستانی نییە و شارێکی عێراقییە هەر بۆیە چوونەتە نێو ڕێککەوتنەکە و پۆستی پارێزگای کەرکووکیان یەکلایی کردووەتەوە، ئەنجامەکەی ئەو سازشکردنەش ڕێککەوتنەکەی هۆتێل ڕەشیدی لێ کەوتەوە و ڕێبوار تەها بە پارێزگار و محەممەد حافزیش بە سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵبژێردران.

Fly Erbil Advertisment