تورکیا چی دەڵێت لەبارەی کوژرانی گەنجە کوردەکە لە ئیستانبوڵ؟

وێنەی ئەو هاووڵاتییەی کەلەکچی کە بە چەقۆ کوژراوە
وێنەی ئەو هاووڵاتییەی کەلەکچی کە بە چەقۆ کوژراوە

سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا ڕەتی دەکاتەوە هاووڵاتییەکەی کەلەکچی لە ئیستانبوڵ لەسەر "ڕەگەزپەرستی" کوژرابێت و دەڵێت، لێکۆڵینەوەکان لەبارەی ڕووداوەکە بەردەوامن.

بەرەبەیانیی یەکشەممە، 01-09-2024، سێ هاووڵاتیی دانیشتووی ناحیەی کەلەکچی لە سنووری پارێزگای دهۆک؛ لەگەڵ چەند کەسێک لە بەردەم هۆتێلی زووریچی ئیستانبوڵ بەشەڕ هاتن و بەهۆیەوە یەکێکیان بە ناوی "حەکیم لوقمان" بە چەقۆ کوژرا.

ئەمڕۆ دووشەممە، 02-09-2024، فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەر بە سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا لە ڕاگەیەندراوێکدا، ڕەتی کردەوە، حەکیم لوقمان لەسەر "ڕەگەزپەرستی" کوژرا بێت و دەڵێت، لێکۆڵینەوەکان لەبارەی ڕووداوەکە بەردەوامن.

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، دوو کەس کە هاووڵاتیی پارێزگای باتمانی باکووری کوردستانن، شەڕیان لەگەڵ حەکیم لوقمان، براکەی و ئامۆزاکەیان کردووە و دواتر هەڵاتوون.

کەسوکاری حەکیم لوقمان، بە کوردستان24ـیان ڕاگەیاندبوو، "حەکیم تەنها لەبەر ئەوەی لە خواردنگەیەکی ئیستانبوڵ بە زمانی کوردی قسەی کردووە، لەلایەن چەند گەنجێکی تورکەوە هێرشی کراوەتە سەری و بە چەقۆ کوژراوە".

Fly Erbil Advertisment