مووسڵ.. بەهۆی مەترسی مین و تەقەمەنی دەیان خانوو بە وێرانەیی ماونەتەوە

دەیان خانووی گەڕەکەکانی بەری ڕاستی مووسڵ، هەر بەوێرانە ماوەنەتەوە و مەترسی مین و تەقەمەنی لەناو ئەو خانووانە هەیە. هاووڵاتیەکی گەڕەکی موسڵی کۆن، کە خانووەکەی وێران بووە و لە خانووی کرێدا دەژی، دەڵێت: ئەو خانوانە ئێمە پڕی تەقەمەنی و پاشماوەی شەڕە تاوەکوو ئێستا هەڵنەگیراوەنەتەوە.
محەممەد ئەیاد، یەکێک لە زیان لێکەوتووانی شەڕی داعشە و بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: تاوەکو ئیستا خەڵک دەترسێن لەوەی بگەڕێنەوە شوێنەکانی خۆیان، ئەوەش لەبەر پاشماوەی شەر و تەقەمەنییەکانە، چونکە خەڵکێکی زۆر بوونە قوربانی، هیوادارین ئەو شوێنانە پاک بکرێنەوە تاوەکو خەڵک بگەڕێنەوە شوێنەکانیان.
لە ساڵانی ڕابردوودا ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی سڤیل و هێزە سەربازییەکان بەهۆی پاشماوەی شەڕ و تەقەمەنییەکان بوونەتە قوربانی، کە بەڕێوەبەرایەتیی لەناو بردنی مین و تەقەمەنی لە وەزارەتی ژینگەی عێراق،م دەستی بەتۆمارکردنی ناوی قوربانییەکان کردووە.
مستەفا حەمید، بەرپرسی ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی لەناوبردنی مین و تەقەمەنی گوتی: تیمەکانمان بە شێوەیەکی مەیدانی لێکۆڵینەوە لە ژمارەی قوربانییان دەکەن، کاتێک پرۆسەکە تەواو بوو، ئەنجامەکان ڕادەگەیەنین، وەکوو هەموو ساڵێک.
لێژنەی نێودەوڵەتی خاچی سوور و بەڕێوەبەرایەتیی لەناوبردنی مین و تەقەمەنی ئاماژە بەوە دەکەن "زیاتر لە دوو هەزار و 500 سەد کیلۆمەتر چوارگۆشە لە عێراق و نێزیکەی 68 کیلۆمەتر لە شاری مووسڵ لە مین و تەقەمەنی پاک نەکراوەتەوە، کە پتر لە 25 هەزار کەس بەوهۆیەوە بوونەتە قوربانی".