سێنتکۆم: فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان و ئۆتۆمبیلێکی حوسییەکانمان لەناو برد

هێزەکانی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا "سێنتکۆم" ئەمڕۆ شەممە، 7ـی ئەیلوولی 2024، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاند، لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان و ئۆتۆمبیلێکی پشتیوانیی حوسییەکانمان لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیان لە یەمەن تێکشکاند.
سێنتکۆم لە بەیاننامەکەدا ڕایگەیاند، هێزەکانی فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا سەرکەوتوو بوون لە تێکشکاندنی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان و ئۆتۆمبیلی پشتیوانی لە ناوچەیەکی ژێر دەسەڵاتی حوسییەکان لە یەمەن.
ئاماژەی بەوەش کرد، ئەوە ڕوون بووەتەوە کە ئەم سیستەمانە مەترسییەکی ڕوونن بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا و هێزەکانی هاوپەیمانان و کەشتییە بازرگانییەکانی ناوچەکە.
هەروەها سێنتکۆم ئەم ڕێوشوێنانە بۆ پاراستنی ئازادیی کەشتیوانیی و پاراستنی ئاوە نێودەوڵەتییەکان بۆ کەشتییە ئەمەریکییەکان و هێزەکانیی هاوپەیمانان و کەشتییە بازرگانییەکان دەگرێتە بەر.
پێشتر حوسییەکان هەڕەشەیان لە ئەمەریکا و ئیسرائیل و بەریتانیا کردبوو، بە سوپرایز لەسەر زەوی و هەروەها لە دەریادا، بە تەکنەلۆژیای نوێ کە لە مێژوودا وێنەی نەبووە.
لای خۆیەوە حەماس ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند "ئۆپەراسیۆنەکان بۆ پشتیوانیی لە فەڵەستینە دژی ئەمەریکا و "ئیسرائیل" و بەریتانیا و ئەم ڕووبەڕووبوونەوانە ڕوونە و بەردەوامن.
حوسییەکان دووپاتیان کردەوە، ئێستە ئەمەریکا لە دەریای سوور بێبەش بووە هیچ ئامادە بوونێکی سەربازی نییە، هەروەها گوتیشی واشنتۆن لە شەڕی دەریاییدا، تووشی شکستێکی گەورە بووە.
لە مانگی تشرینی دووەمی ڕابردووەوە حوسییەکان هێرشی دەریاییان دەست پێ کرد، بە وتەی خۆیان ئەو کەشتیانە دەکاتە ئامانج کە پەیوەندییان بە ئیسرائیلەوە هەیە و بەرەو بەندەرەکانی دەچن، ئەمەش وەک پشتیوانییەک لە فەڵەستینییەکان کە ڕووبەڕووی سوپای ئیسرائیل دەبنەوە لە کەرتی غەززە.