سەرۆك بارزانی پێشوازیی لە ڕاوێژكاری باڵای سیاسی و سەربازیی حكوومەتی بەریتانیا دەكات

K24 – هەولێر:
سەرۆک بارزانی و ڕاوێژكاری باڵای سیاسی و سەربازیی حكوومەتی بەریتانیا، هەماهەنگیی نێوان هێزە هاوپەیمانەكان و هێزی پێشمەرگەی كوردستان و پرسی چاكسازییەكانی ناو وەزارەتی پێشمەرگەیان تاوتوێ کرد.
ڕۆژی پێنجشەممە 12ی ئەیلوولی 2024 لە سەڵاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە ئەدمیراڵ ئێدوارد ئەلگرێن، ڕاوێژكاری باڵای سیاسی و سەربازیی حكوومەتی بەریتانیا بۆ كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقیا و شاندێكی یاوەری كرد.
بارەگای بارزانی بڵاوی کردەوە، لە دیدارەكەدا بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی و دوایین پێشهاتەكانی عێراق و ناوچەكە خرایە بەرباس، هەروەها ڕۆشنایی خرایە سەر هەماهەنگیی نێوان هێزە هاوپەیمانەكان و هێزی پێشمەرگەی كوردستان و چاكسازییەكانی ناو وەزارەتی پێشمەرگە.
هەر لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی سوپاسی حكوومەتی بەریتانیای كرد كە لە شەڕی داعشدا هاوكار و پشتیوانی هێزی پێشمەرگە بوونە و پێزانینشی هەبوو بۆ پاڵپشتیی و هەنگاوەكانی بەریتانیا لە یارمەتیدانی وەزارەتی پێشمەرگە لە پڕۆسەی چاكسازیی ناو وەزارەت.
پرسی مانەوەی هێزی هاوپەیمانان و هەروەها هەڕەشەكانی تیرۆر لەسەر عێراق و ناوچەكە تەوەری تری ئەو كۆبوونەوەیە بوون.
