سلێمانی؛ "بهكارهێنانی هێزی سەربازی لە لایەن لایەنێکی سیاسی ههنگاوێكی مهترسیداره"

K24 – هەولێر:
بەکارهێنانى هێزى سەربازى لە لایەن لایەنێکى دیاریکراو لە کاتى ناکۆکیەکاندا لە سلێمانى لە برى پەنابردن بۆ دادگا و یاساکان بە بڕواى شارەزایانى بوارى یاسا و چاودێرانى سیاسی هەنگاوێکى مەترسیدارە و دۆخى سلێمانى لە چەندین بواردا دەخاتە ژێر هەڕەشەوە.
ماوەیەکە لە سلێمانى هێزى سەربازى بووەتە جێگرەوەى یاسا و دادگا، هەندێک کات ئەو هێزانە بێ گەڕانەوە بۆ دادگا و بڕیارى دادوەر هەر کارێک بیانەوێت دەیکەن، کە ئەوەش بە هەوڵێک دەبیندرێت بۆ ئەوەى سەرەوەرى یاسا لە سلێمانى لاواز بکرێت لە پێناو بەرژوەندىی حزبى و کەسى. هەر بۆیە ئێستە هەست بەو هەنگاوە دەکرێت کە لە برى ئەوەى یاسا سەروەر بێت گرووپەکان ڕۆڵى یەکلاکەرەوە دەبینن، لەو نێوەندەشدا کێ هێزى هەبێت پرسەکان یەکلا دەکاتەوە.
کەژان محەممەد، چاودێرى سیاسی، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئێمە کاتێک دەبینین گرووپێک لە قۆناغی سەرەمەرگی خۆیدابێت بۆ ئەوەی دەسەڵاتی خۆی بسەپێنێت، ئەگەر لە ڕێگەی یاساوە بزانێ کە ئەم حەق نییە لە ڕێگەی ئەو گرووپانەوە پەنا بۆ توندوتیژی دەبات، بۆیە بهكارهێنانی هێزی سەربازی لە لایەن لایەنێکی سیاسی ههنگاوێكی مهترسیداره.
لای خۆیەوە ئازاد دۆسکى، شارەزاى بوارى یاسا، گوتی: ھەڕەشە و دەستوەردانی ھێزە ئەمنییەكان لە كاروباری ھاووڵاتییان و بەكارھێنانیان لە لایەن كەس و حزبەوە مەترسییە بۆ سەر یاسا و سیستەمی دیموكراسی.
ئاماژەی بەوەش کرد، بەكارھێنانی ھێزە ئەمنییەكان بۆ یەكلایكردنەوەی كێشە سیاسییەكان كوشتن و لەناوبردنی دەستوور و یاسایە.