ڕۆژنامەیەکی ئەمەریکایی: کامالا هاریس سەبارەت بەبوونی ھێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق زانیاری ناڕاستی داوە

مێدیای ئەمەریكایی ڕەخنەی تووند لە كامالا ھاریس دەگرێت و بە بڵاوكردنەوەی زانیاریی ناڕاست، تۆمەتباری دەكات.

ڕۆژنامەی 'یو ئێس ئەی تودەی' ئەمەریكایی، بڵاوی كردووەتەوە، کامالا هاریس، كاندیدی دیموکراتەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی داهاتووی ئەمەریکا، لەكاتی دیبەیتی سەرۆكایەتیدا سەبارەت بەبوونی ھێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق، زانیاریی ناڕاستی داوە.

ئاماژەی بەوەش داوە، هاریس لە دیبەتەكەدا ڕایگەیاندبوو، ھێزەكانی وڵاتەكەی لە عێراق بەشدارییان لە ئۆپەراسیۆنی سەربازیدا نەكردووە و وەكو ڕاوێژكاری سەربازیی لەو ناوچانەن.

ڕۆژنامەکە لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی كردووەتەوە، لە دیبەیتەکەدا ھاریس بانگەشەی ئەوەی كرد، ئەمەریكا لە هیچ ناوچەیەكی جیھان هێزی شەڕکەری نییە، ڕوونیشی کردووەتەوە، زانیارییەكانی هاریس ورد نیین، بەپێچەوانەوە هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق هێزی شەڕکەرن و ئێستا خەریكی ئۆپەراسیۆنی سەربازین.

ڕۆژنامەكە، باس لەوەش دەکات، ڕۆژی 29ـی مانگی ڕابردوو ھێزەكانی ئەمەریكا لە ڕۆژئاوای عێراق ھێرشیان كردە سەر حەشارگەكانی داعش و لە ئەنجامدا 14 چەکداری داعش کوژران و حەوت سەربازی ئەمەریکیش بریندار بوون. لە ڕاپۆرتەكەدا ھاتووە "بوونی ئەم هێزانە لە عێراق و کردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی ژیانی سەربازەكان دەخاتە مەترسییەوە، ئەمەش پێچەوانەی بانگەشەكانی ھاریسە".

ڕۆژنامەی یو ئێس ئەی تودەی پشتی بە لێكۆڵینەوەیەكی پەیمانگای واتسۆن بەستووە، كە سەلماندوویەتی لە چەندین ناوچەی جیھان لەوانە عێراق و سووریا ھێزەكانی ئەمەریكا بەشێوەیەكی نھێنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی دەکەن. ئەمەریکا دوو هەزار و 500 سەربازی لە عێراق و 900 سەربازی لە سووریا لە چوارچێوەی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش جێگیر کردووە.

كامالا هاریس لەکاتی دیبەتەكەدا، ڕایگەیاند، لە سەردەمی سەرۆکی ئێستای ئەمەریکادا، ھێزەكانی وڵاتەكەی لەھیچ ناوچەكەی جیھان بەشدارییان لە ئۆپەراسیۆنی سەربازیدا نەكردووە، كە گیانی سەربازانی ئەمەریكایی بخاتە مەترسییەوە.

 

Fly Erbil Advertisment