پۆلیسێکی کەرکووک بە دەستڕێژیی گولـلـە کوژرا

لەسەر ڕێگەی سەرەکیی کەرکووک – هەولێر، دەستڕێژیی گولـلـە لە ئۆتۆمبێلی پۆلیسێکی فریاکەوتنی کەرکووک کرا و پۆلیسەکە کوژرا.
هێمن دەلۆ، پەیامنێری کوردستان24 ڕایگەیاند، بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، 17-09-2024، لەسەر ڕێگەی سەرەکیی کەرکووک - هەولێر لە نزیک گوندی گورگەچاڵ، تەقە لە ئۆتۆمبێلی پۆلیسێکی فریاکەوتنی کەرکووک بە ناوی "مەنسوور خەلیل ئیبراهیم" کرا و کوژرا.
پۆلیسەکە لە نەتەوەی تورکمانە و خەڵکی گوندی ترکەلانی سەر بە پارێزگای کەرکووکە. بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24 کە لە سەرچاوەیەکی ئەمنی دەستی کەوتوون، چەکدارێک لەنێو ئۆتۆمبێلێکی جۆری "تەکسی" دەستڕێژی گولـلـەی لە پۆلیسەکە کردووە و کوشتوویەتی.
پەیامنێری کوردستان24 ئاماژەی بەوەش کرد، دوای ئەوەی دەستڕێژیی گولـلـە لە ئۆتۆمبێلەکە کراوە، لەسەر ڕێوڕەویی خۆی لای داوە و خۆی بە پەرژینی مۆڵێکدا کێشاوە؛ دواتر بۆ هاووڵاتییان ڕوون بووەتەوە، پۆلیسەکە لە ئەنجامی ڕووداوی هاتوچۆ گیانی نەسپاردووە، بەڵکوو کوژراوە.

ئەندامێکی بنەماڵەی پۆلیسە تورکمانەکە، لەبارەی ڕووداوەکە بۆ پەیامنێری کوردستان24 قسەی کرد و ڕەتی کردەوە، ڕووداوەکە پەیوەندیی بە کاری "تیرۆریستییەوە" هەبوو بێت، "بەڵکوو لەسەر کێشەیەکی کۆنی کۆمەڵایەتیی نێوان دوو بنەماڵە بووە".
هەروا گوتی: لەم دواییانە بنەماڵەکەیان ئەندامێکی بنەماڵەی تەقەکەرەکەیان کوشتووە، بۆیە ئەوانیش بە کوشتنی "مەنسوور خەلیل ئیبراهیم" تۆڵەی خۆیانیان کردووەتەوە. ڕوونیشی کردەوە "تاوەکوو ئێستە شەش کەس لە هەردوولا لەسەر کێشە کۆمەڵایەتییەکە کوژراون".
لێکۆڵینەوەی هێزە ئەمنییەکان لە ڕووداوەکە بەردەوامە و تەرمی پۆلیسەکە بۆ پزیشکی داد لە نەخۆشخانەی ئازادیی شاری کەرکووک گوازراوەتەوە.