ئالان حەمە سەعید: لە پێنج ساڵی کابینەی نۆیەمدا 194 قوتابخانە دروست کراون

ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان
ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان

وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، سەرۆک کوەزیران لە کارنامەی کابینەی نۆیەم، بەڵێنی دا کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان قوتابخانەی نوێ دروست دەکات و سەرمایەدار و وەبەرهێنەرەکانیش هان بدات بۆ ئەوەی هاوکاریی حکوومەت بن، لەم پێنج ساڵەدا 194 قوتابخانە دروست کراون

سێشەممە، 17ـی ئەیلوولی 2024، ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان، لە ڕێوڕەسمی دانانی بەردی بناغەی 15 قوتابخانە و باخچەی منداڵان بە ئامادە بوونی مەسرور بارزانی، سەرۆک کوەزیران ڕایگەیاند "تەنگەژەی کۆرۆنا لێکەوتەی دارایی و ئابووری و تەندروستیی لەگەڵ ئەو فشار وگەمارۆیانەی کە ڕووبەڕووی کوردستان دەبوونەوە، کابینەی نۆیەمی بەسەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەت ڕانەگرت لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان.

وەزیری پەروەردە دەڵێت: پێش پێنج ساڵ دوو مانگ حەوت ڕۆژ، سەرۆک کوەزیران لە کارنامەی کابینەی نۆیەم، بەڵێنی دا کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان قوتابخانەی نوێ دروست دەکات و سەرمایەدار و وەبەرهێنەرەکانیش هان بدات بۆ ئەوەی هاوکاری حکوومەت بن.

وەزیری پەروەردە گوتیشی: ئەمڕۆ ئەو بەڵێنانە جێبەجێ کراون و 152 قوتابخانە دروست کراون 42 قوتابخانەی دیکەش لە مانگی نۆ و 10 تەواو دەکرێن، کۆی گشتیی دەکاتە 194 قوتابخانە.

دەشڵێت: سەرۆک کوەزیران لە بودجەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەهاندان لەگەڵ دەستەی وەبەرهێنان و لایەنەکانی دیکە و خۆبەخشەکانیش هەزار و 670 قوتابخانە نۆژەن کراوەتەوە لەگەڵ 629 ژووری نوێی خوێندن بە فەرمانی سەرۆکی حکوومەت، لەسەر بودجەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ قوتابیان و منداڵانی ئێمە دروست کراوە.

وەزیری پەروەردە ئاماژەی بەوەش دا، بەڵێنمان دابوو زیاتر لە 600 هەزار منداڵ شوێنی نوێیان بۆ دابین کەین، تاکوو ئێستە 106 هەزار شوێنی نوێیمان بۆ منداڵان و قوتابیانی کوردستان دابین کردووە. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا دەیان پرۆژەی دیکەش ئیستە کارەکانیان تەواو دەبێت.

باسی لەوەش کرد "سەرنجی سەرۆکی حکوومەتی هەرێم لەسەر ئەو شوێنانە بووە کە پیویستییان بە قوتابخانە هەیە، هەرچەندە دەزانین پیویستییەکان زۆرن، بەڵام بەپیی توانای حکوومەت، کە زۆرجار سەرۆکی حکوومەت خۆی ڕاستەوخۆ لەسەر هێڵ بووە بۆ تەواوکردنی ئەو پرۆژانە.

ئالان حەمە سەعید ڕاشیگەیاند، لە گەڕەکەکانی ڕۆشنبیری، بنەسڵاوە زاگرۆس، لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی حکوومەت ئێستە سێ قوتابخانەی نوێمان بۆ دروست کردوون، کە قوتابخانەی 18 پۆلین و ئامادەن بۆ ئەوەی قوتابیانی ئەو ناوچانە تێدا بخوێنن و بارگرانیی لەسەر قوتابخانەکانی دیکە کەم بکەنەوە.

Fly Erbil Advertisment