پارێزگاری دهۆک: دەبێت هەڵبژاردنی پەرلەمان بەپێی ڕێنماییەکانی کۆمیسیۆن بکرێت

پارێزگاری دهۆک جەخت لەوە دەکاتەوە "دەبێت هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەپێی یاسا و ڕێنماییەکانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەڕێوە بچێت".
چوارشەممە، 18ـی ئەیلوولی 2024، د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک پێشوازیی لە شاندێکی لیژنەی سەرپەرشتیی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە پارێزگاکە کرد.
شاندەکە لە د. فتاح محەممەد حوسێن، ئهندامی ئەنجوومەنی کۆمیسیۆن و سەرۆکی لیژنەکە؛ عهلى فهیسهڵ دهحام، ئەمینداری گشتیی کۆمیسیۆن لە لیژنەکە و خالید عەباس، بەڕێوەبەری ئۆفیسی دهۆکی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی عێراق، پێک هاتبوو.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی پارێزگای دهۆک، لە کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی "ئامادەکارییەکانی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و ڕێکارە ئەمنی و کارگێڕییەکان لە سنووری پارێزگاکە بۆ سەرخستنی پرۆسە دیموکراتییەکە کرا".
نوێنەرەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق "هیوایان خواست، ئاستی هاوکاریی و هەماهەنگیی نێوان ئیدارەی پارێزگا و ئۆفیسی دهۆکی کۆمیسیۆن زیاتر بێت و بگاتە ئاستێکی نایاب هاوشێوەی هەڵبژاردنەکانی ساڵانی ڕابردوو کە بە شێوەیەکی ڕێکوپێک و دوور لە ناوزڕاندن، هەڵمەتی بانگەشە بەرێوە چوو".

لە لایەن خۆیەوە پارێزگاری دهۆک بە پێویستی زانی "هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە گوێرەی یاسا و ڕێنمایەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراق، بە شێوەیەکی ئازاد و دیموکراسی بکرێت". هەروەها "ئامادەیی کارگێڕیی پارێزگای بۆ هەموو هاوکارییەک بە ئامانجی سەرخستنی پرۆسەکە نیشان دا".
بڕیارە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە 20ی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ، بە سەرپەرشتیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەڕێوە بچێت.
بە گویرەی تۆماری بایۆمەتری دەنگدان، کۆی گشتیی ژمارەی دەنگدەرانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەم هەڵبژاردنە، دوو ملیۆن و 899 هەزار و 878 دەنگدەرە، کە دوو ملیۆن و 683 و 618ـیان دەنگدەری گشتین و 215 هەزار و 960ـیشیان دەنگدەری تایبەتن.