بەهۆی لێزمە بارانەوە ئاهەنگگێڕانی سێیەمین ساڵیادی ڕاگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ هەڵوەشایەوە

بڕیار بوو ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 21ی ئەیلوولی 2024، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی سێیەمین ساڵیادی ئاهەنگی ڕاگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لە کۆڕنیشی دەلال بەڕێوە بچێت، بەڵام بەهۆی لێزمە بارانەوە ئاهەنگگێڕانەکە هەڵوەشایەوە. سەرپەرشتی ئاهەنگەکەش بە کوردستان24ی ڕاگەیاند، کاتێکی دیکە و بەشێوەیەکی تر ئاهەنگەکە یادەکە دەکەنەوە.

بە گوێرەی پرۆگرامی ئاهەنگەکە؛ بڕیاربوو ژمارەیەک هونەرمەندی ناسراوی کورد، لەنێویاندا عەبدولقەهار زاخۆیی، دیلانار یلدز و بورهان زێباری بەشداری ئاهەنگەکە بکەن، بەڵام بەهۆی بارانەوە هەڵوەشایەوە.

سەیفەدین حاجی، سەرپەرشتی ئاهەنگی سێیەمین ساڵیادی ڕاگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بۆ کوردستان24 گوتی: ئەمڕۆ زۆر خۆشحاڵبووین سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی هەر لە بەرە بەیانەوە لەم دەڤەرەی ئێمە بوو، وەک هەمیشە بە دەستی پڕەوە بۆ گەیاندنی خزمەت بە ئیدارەی زاخۆ لێرە بوو.

گوتیشی: بەبۆنەی ئامادەبوونی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەم ساڵ یادی سێ ساڵەی ڕاگەیاندنی ئیدارەی زاخۆ بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو جیاواز بوو، بەڵام بەهۆی نالەباری کەشوهەواوە ئاهەنگەکەی ئەمڕۆ هەڵوەشایەوە و بڕیارمانداوە بە شێوەیەکی دیکە یادەکە بکەینەوە.

شارۆچکەی زاخۆ لە 20ی ئەیلوولی 2021، بە بڕیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی کارنامەی کابینەی نۆیەم بۆ شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتە ئیدارییەکان بۆ پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان و ئاسانکاری بۆ ڕاییکردنی کاروباری دامەزراوە فەرمییەکان و هاووڵاتییان زاخۆی کرایە ئیدارەیەکی سەربەخۆ.

هەر ئەمڕۆ شەممە 21ـی ئەیلوولی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی کوردستان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆ زاخۆ کارگەی گەنمی سلیڤانای بۆ بە بازاڕکردنی گەنمی جووتیاران کردەوە، کە بەرهەمی کارگەکە ڕۆژانە  هەزار تۆنە.

هەر لە ماوەی کابینەی نۆیەمدا، 13 پرۆژەی گرنگ و ستراتیجیی‌ به‌ گوژمەی زیاتر لە 83 ملیۆن دۆلار لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ مۆڵەتیان وه‌رگرتووه‌ کە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ كاریگه‌رییان له‌سه‌ر بووژاندنەوەی کەرتەکانی بازرگانی، گەشتیاریی و پیشەسازیی ئیداره‌كه‌ هەبووە‌.

Fly Erbil Advertisment