لە باکووری کوردستان ئافرەتێک بە بروسک گیانی سپارد
باران زیانی بە بەرهەمی باخەوانانی ڕحا گەیاند

بەهۆی ئەم شەپۆلە بارانەی باکووری کوردستانی گرتووەتەوە، لە شارۆچکەی نسێبین بروسک لە ئافرتێکدا و بەهۆیەوە گیانی سپارد، لە سنووری شاری ڕحاش زیانێکی زۆری بە بەرهەمی باخەوانان گەیشتووە.
ئەمڕۆ شەممە 21ی ئەیلوولی 2024، لە گەڕەکی کۆزۆی شارۆچکەی نسێبینی پارێزگای مێردین بروسک لە ئافرتێکی داوە کە ناوی شوکریە کوتلووە، هەرچەندە تیمە تەندروستییەکان هەوڵی خۆیاندا بەڵام نەیانتوانیوە ژیانی ڕزگار بکەن و گیانی سپاردووە.
هەروەها بەهۆی کاریگەرییەکانی ئەو شەپۆلە بارانەی باکووری کوردستان و تورکیای گرتووەتەوە، لە ڕحا لێزمە باران زیانی بە باخ و بەرهەمی باخەوانان گەیاندووە و بڕێکی زۆری بەرهەمی کۆکراوەی فستیقی ڕاماڵیوە.
لە چەند ناوچەیەکیش لێزمە باران بووەتە هۆی پەنگخوارنەوەی ئاو و ڕێگە سەرەکییەکانی داخستووە و ئاستەنگی بۆ هاتوچۆی هاووڵاتییان دروستکردووە، هەربۆیە بەرگری شارستانی تورکیا هۆشداریداوەتە دانیشتووانی ئەو ناوچانەی کەوتوونەتە ژێر کاریگەری باران، ئەگەر پێویست نەبێت لە ماڵەکانیان دەرنەکەون.
