دەستەی ژینگە: زۆرێک لە کاندیدان لە پرۆسەی بانگەشەدا پابەندی ڕێنماییەکان نەبوونە

سلێمانی
سلێمانی

K24 - هەولێر:

گوتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێم، دەڵێت: لە ماوەی دوو ڕۆژی بانگەشەی هەڵبژاردندا، زۆرێک لە کاندیدان و قەوارە سیاسییەکان پابەندی ڕێنماییەکان نەبوونە کە تایبەتە بە پاکڕاگرتنی شار و جوانهێشتنەوەی سیماکەی، زۆرینەیان بە پێچەوانەی ڕێنماییەکان بەردەوامن لە پرۆسەی بانگەشەکردن.

عەبدولڕەزاق خەیلانی، گوتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئێمە کۆمەڵێک ڕێنمایی تایبەت بە بانگەشەی هەڵبژاردنمان لە ڕێگەی کۆمیسیۆن و پارێزگای هەولێرەوە بڵاو کردەوە، بەڵام ئەوەی تێبینی کرا لە ماوەی دوو ڕۆژەی بانگەشەدا زۆر پێشلکاری کراوە لەلایەن کاندیدان و لایەنە سیاسییەکان.

گوتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێم، ئاماژەی بەوە دا، کاندیدەکان و قەوارە سیاسییەکان زۆرینەی پۆستەرەکانیان لە دورگەی ناو شەقامەکان داناوە، لە دارەکانیان بەستووەتەوە، پۆستەرەکانیان بە ستوونەکانی کارەبا  هەڵواسیوە کە پێچەوانەی ڕێنماییەکانی کۆمیسیۆن، دەستەی ژینگە، وەزارەتی شارەوانی و پارێزگای هەولێرە.

جەختی لەوەش کردەوە، بەشێک لە پۆستەرەکان لەناو شەقامەکان دانراوە، کە وایکردووە ببێتە هۆی ئاستەنگی بۆ هاتووچۆی ئۆتۆمبێلەکان، کە ئەمەش هەندێک جار وا دەکات ببێتە هۆی ڕووداوی هاتووچۆ.

عەبدولڕەزاق خەیلانی، گوتی: ئێمە لە دەستپێکی بانگەشدا هەموو قەوارە سیاسییەکان و کاندیدەکانمان ئاگادار کردووە کە دەبێت پۆستەرەکانین لەسەر قوماش و کاغەز چاپ بکەن، بەڵام زۆرینەیان لەسەر فلێکس چاپیان کردووە کە ئەمەش هەم دیسان پێچەوانەی ڕێنماییەکانە.

ڕۆژی سێشەممە 24ـی ئەیلوولی 2024، کاتژمێر 12ـی شەو، بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەشێوەیەکی فەرمی دەستی پێ کرد.

بڕیارە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە 20ـی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ، بە سەرپەرشتیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەڕێوە بچێت.

بە گوێرەی تۆماری بایۆمەتریی دەنگدان، کۆی گشتیی ژمارەی دەنگدەرانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەم هەڵبژاردنە، دوو ملیۆن و 899 هەزار و 878 دەنگدەرە، کە دوو ملیۆن و 683 و 618ـیان دەنگدەری گشتین و 215 هەزار و 960ـیشیان دەنگدەری تایبەتن.

Fly Erbil Advertisment