شڤان پەروەر لە مۆسکۆ گۆرانییەک کلیپ دەکات

کوردستان 24، لە مۆسکۆ، گۆرانییەک بۆ شڤان پەروەر کلیپ دەکات.
شڤان پەروەر، هونەرمەندی بەناوبانگی کورد، داستانی ئەوینی سارێ و خۆشەویستەکەی، لەگەڵ سروشتی مۆسکۆ ئاوێزان دەکات، ئەو ئەستێرە ناودارەی هونەری کوردی یەکەم جارە لە ڕووسیا گۆرانی کلیپ بکات و کوردستان 24 یش سپۆنسەری بەرهەمەکەی دەکات.
شەممە، 28ـی ئەیلوولی 2024، هونەرمەند شڤان پەروەر، بە کوردستان24 ی گوت: زۆرێک لە هاووڵاتییانی کورد لە ڕووسیا هەن و کولتووری خۆیان پاراستووە، بۆیە گوتمان بەرهەمێک بکەین و مۆسکۆی تێدا بێت، لە هەموو شوێنێکی جیهان کورد دەتوانێت کوێی پێ خۆش بێت بەرهەمی تێدا دروست بکات و چالاکی بکات نەک تەنیا سیاسەت، کولتووریش با هەبێت بۆ پێشخستنی خۆیان و کوردستان.
گوتیشی: من زۆر دڵخۆشم کوردستان24 دەستی خۆی درێژ دەکات بۆ بەرهەمهێنانی بەرهەمی هونەرمەندان لە هەر شوێنێکی جیهان بێت، لەو ڕۆژەوە وزەم زۆرتر بووە و دڵخۆشترم.
هەنوکە گشت بوارەکانی ژیان، کەوتوونەتە ژێر کاریگەری پرۆسەی بەجیهانیبوونەوە، شڤان پەروەریش دەخوازێت، هونەرەکەی لەگەڵ ئەو ڕەوتەدا بگونجێنێت، بەجۆرێک، ڕەسەنایەتی کولتوور و هونەری کوردی پارێزراو بێت. بۆیە کوردستان 24 لە ڕوانگەی بایەخدان بە هونەری ڕەسەنی کوردییەوە پاڵپشتیی کلیپە نوێیەکەی دەکات.