عەبدولخالق تەڵعەت: دۆخی عێراق و ناوچەکە ڕێگه به كشانهوهی هێزهكانی هاوپەیمانان نادات

K24 – هەولێر:
نوێنهری هەردوو وهزارهتی پێشمهرگه و ناوخۆ له ئۆپهراسیۆنه هاوبهشهكان، ئاماژە بەوە دەکات، سوپای عێراق لە ڕووی چەک و پێداویستی سەربازیی وەک پێویست نییە، بۆیە هیچ فەرماندە و سەربازێکی سوپاکە لەگەڵ ئەوەدا نین کە هێزەکانی هاوپەیمانان و ئەمەریکا لە وڵاتەکەدا بکشێنەوە.
شەممە 28ـی ئەیلوولی 2024 عەبدولخالق تەڵعەت، نوێنهری هەردوو وهزارهتی پێشمهرگه و ناوخۆ له ئۆپهراسیۆنه هاوبهشهكان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان، دەبێتە هۆی دروستبوونی کارەساتێکی گەورە لە عێراق و ناوچەکە، تا ئێستا سوپا و هێزە ئەمنییەکانی عێراق لەو ئاستەدا نیین کە بەتوانن بە تەنیا ڕووبەڕووی هەر هەڕەشەیەک ببنەوە.
ئەو نوێنەرە ئاماژەی بەوە دا، سوپای عێراق لە ڕووی چەک و پێداویستی سەربازیی وەک پێویست نییە، بۆیە هیچ فەرەماندە و سەربازێکی سوپاکە لەگەڵ ئەوەدا نین کە هێزەکانی هاوپەیمانان و ئەمەریکا لە وڵاتەکەدا بکشێنەوە.
جەختی لەوەش کردەوە، دۆخی عێراق و ناوچەکە ڕێگه به كشانهوهی هێزهكانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان نادات. هاوکات گوتی: تەنیا یەک فەرماندەیی هێزەکانی ئەمەریکا لە بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد ماون، وا بڕیارە ئەو سەربازگەیەش چۆڵ بکرێت و هەموو سەربازەکانی بێنە هەولێر.
لەبارەی هاتنی هێزەکانی سەربازگەی عەین ئەسەد بۆ هەولێر، عەبدولخالق تەڵعەت، گوتی: هاتنی هێزەکانی ئەمەریکا لە سەربازگەی عەین ئەسەد بۆ هەولێر، بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکە زۆر گرنگە.
هەینی 27ـی ئەیلوولی 2024 عێراق و ئەمەریکا ڕاگەیاندراوێکی هاوبەشیان بڵاو کردەوە و تێیدا هاتبوو، عێراق و ئەمەریکا پەیوەندییەکی ستراتیجییان هەیە، هەروەها ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە ماوەی 12 مانگی داهاتوو کە دەکاتە کۆتایی مانگی ئەیلوولی ساڵی 2025 لە عێراق کۆتایی دێت.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا باس لەوە کرابوو، ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانان لە سووریا تا مانگی ئەیلوولی 2026 بەردەوام دەبێت. لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوە کرابوو، دوای کۆتایی هاتنی ئەرکی هاوپەیمانان، ئەرکی هێزەکانی ئەمەریکا بۆ پەیوەندیی دوو قۆڵی ئەمنی لەگەڵ عێراق بۆ پشتیوانی لە هێزەکانی عێراق و ڕێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی داعش دەگۆڕێت.