فەرەنسا داوا لە ئیسرائیل دەکات هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر لوبنان بوەستێنێت

K24 – هەولێر:
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا دەڵێت: وڵاتەکەی دەیەوێت ئیسرائیل دەستبەجێ هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر لوبنان بوەستێنێت.
شەممە 28ـی ئەیلوولی 2024 لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی لوبنان، ژا نوێل باغۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا ڕایگەیاند، پاریس دەیەوێت ئیسرائیل دەستبەجێ هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر لوبنان بوەستێنێت.
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا ئاماژەی بەوەش داوە، دژی هەر جۆرە ئۆپەراسیۆنێکی زەمینین بۆ سەر لوبنان لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە.
ئەم ڕاگەیێندراوەی فەرەنسا لە کاتێکدایە، بەهۆی کوژرانی حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵای لوبنانی لەلایەن ئیسرائیل، مەترسی فراوانبوونی شەڕەکە لە ناوچەکەدا هەیە.
ئەمە لەکاتێکدایە، ئێوارەی دوێنێ هەینی، 27ـی ئەیلوولی 2024 هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل کۆبوونەوەیەکی حزبوڵلای لوبنانی بە سەرپەرشتیی حەسەن نەسروڵلا کردە ئامانج، لە ئەنجامدا حەسەن نەسروڵا و ژمارەیەک فەرماندەی باڵای حزبوڵڵا کوژران.
هێزەکانی ئیسرائیل لە بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممەی ڕابردووەوە، هێرشی ئاسمانی بۆ سەر ناوچەکانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی لوبنان دەست پێ کرد، کە تاوەکو ئێستە زیاتر لە 500 کەس کوژراون و نزیکەی 1700 کەسیش بریندار بوون.