بەیار تەقییەدین: لە کابینەی نۆدا پێنج تونێل دروست کراوە

بەڕێوەبەری بیناسازی لە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێ بوونی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، کابینەی نۆ بایەخی بە کەرتەکان داوە بەتایبەت کەرتی ڕێگەوبان، هەروەها لەو کابینەیەدا پێنج تونێل دروست کراوە و دووانی خراوەتە خزمەتی هەووڵاتییان بەم نزیکانە سیانەکەی دیکەش تەواو دەبن.
دووشەممە، 30ـی ئەیلوولی 2024، بەیار تەقییەدین، بەڕێوەبەری بیناسازی لە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێ بوون، تایبەت بە ژێرخانی ڕێگەوبانی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، کابینەی نۆ بایەخی زۆر بە کەرتەکان و باشترکردنیان داوە، ئەو گۆڕانانەش بابەتی و هەمەجۆر بووە، بۆ نموونە؛ گۆڕان لە ڕێگەوباندا و ڕیسایکلین.
ئەو بەڕێوەبەرە دەڵێت: ئیستە دەتوانین لە ڕێگەی زۆرێک لە کارگە پێشکەوتووەکان قیری کۆن بەکار دەهێنینەوە، کە ئەوە بۆ خۆی هاوڕێی ژینگەی پێ دەڵێن، هەروەها لەسەر ئاستی یوتێرنەکان چەندەها ئۆڤەر پاس و ئەندەرپاسمان لە شار و شارۆچکەکاندا دروست کردووە، سەرۆک وەزیران جەخت زۆر لەسەر یوتێرن دەکاتەوە بۆ ئەوەی نەمێنێت و قەرەباڵەغی دروست نەبێت، هەروەک هاووڵاتییان ئێستە دەبینن زۆربەی یوتێرنەکان داخراون.
دەشڵێت: بۆ قیر لەسەر ئاستی عێراق پۆلیمەرێک بەکار دەهێنین، کە تاکوو ئێستە تەنیا هەرێمی کوردستان دەتوانێت بەکاری بهێنێت، ئەوەش تەنیا بۆ ئەوەیە جۆری قیر پێش بکەوێت، هەروەها لەسەر ئاستی تونێل لە هەرێمی کوردستان تاکو ئیستە پێنج تونێل لە ڕێگە سەرەکییەکان دروست کراون، دووانیان لە خزمەتی هاووڵاتییانە و سییانەکەی دیکەش بەمزووانە دەکەوێتە خزمەتی هاووڵاتییان.
بەیار تەقییەدین ڕاشیگەیاند "لە ڕووی بەکارهێنانی ئامێرەکانی ڕێگەوبانیشەوە ئامێرەکانمان هەمووی پێشکەوتووە، هەمووی کوالێتی زۆر باشیان هەیە، لە ڕووی کوالێتی کەلوپەلیش، ئێمە ئێستە تاقیگەیەکمان هەیە، ئایزۆی 9001ـی وەرگرتووە و ستانداردێکی نێودەوڵەتییە و کارگەکانی قیریش هەمووی ئاماژەن بۆ ئەوەی کە ئێمە بەرەو لووتکە لەو بوارانەدا پێشکەوتوون".