سوپای ئیسرائیل: لە غەززە کچێکی ئێزدیمان ڕزگارکردووە

فەوزییە سەیدۆ کچە ئێزدی ڕزگارکراو لە غەززە
فەوزییە سەیدۆ کچە ئێزدی ڕزگارکراو لە غەززە

سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، کچێکی ئێزدییان لە غەززە ڕزگارکردووە کە 10 ساڵ لەمەوبەر لەلایەن چەکدارانی دەوڵەتی ئیسلامییەوە ڕفێندراوە و بە قاچاخ برداوەتە فەڵەستین.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 3ی تشرینی یەکەمی 2024، سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردووەتەوە، لەم هەفتەیەدا لە ئۆپەراسیۆنێکی ئاڵۆز و بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەمەریکا و ئوردن و هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکانی دیکە ئەو کچە ئێزدییەیان ڕزگار کردووە کە تەمەن 21 ساڵە.

سوپای ئیسرائیل ئاماژەیداوە، کچە ئێزدییە بە نهێنی لە دەروازەی کەرەم ئەبو سالم ڕزگارکراوە و پاشان لە دەروازەی شا حسێن گواستراوەتەوە ئوردن و لەوێشەوە ڕەوانەی عێراق کراوەتەوە و بە خێزانەکەی شاد کراوەتەوە.

هەروەها وەزارەتی دەرەوەی عێراق گەڕاندنەوەی کچە ئێزدییەکەی پشتڕاستکردووەتەوە و ڕایگەیاندووە، بە هاوکاری ئەمەریکا و ئوردن دوای زیاتر لە چوار مانگ لە هەوڵ و بەدواداچوون، توانیویانە ئەو کچە ڕزگار بکەن، بەبێ ئەوەی شوێنی ڕزگارکردنەکەی ڕزگار ئاشکرا بکات.

هەر لە بارەی کچە ئێزدییە ڕزگارکراوەکە، ماتیۆ میلەر گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە واشنتن ڕایگەیاندووە، ئەو کچە تەمەنی 11 ساڵ بووە ئەو کاتەی لەلایەن داعش لە عێراق ڕفێنرا و فرۆشرا و ناچار کرا هاوسەرگیری لەگەڵ چەکدارێکی حەماس بکات لە غەززە.

Fly Erbil Advertisment