"تره‌مپی فه‌ره‌نسی" دیوارێك له‌ نێوان فه‌ره‌نسا جه‌زائیر درووست ده‌كات

"ده‌بێت جه‌زائیر تێچووه‌كه‌ی بدات"

K24 - هه‌ولێر:

رۆژنامه‌كانی "الحیاة و الفجر"ی جه‌زائیری، هه‌واڵێكی ته‌نزئامێزی "ساتیر"ی رۆژنامه‌یه‌كی فه‌ره‌نسییان به‌هه‌ند وه‌رگرتووه‌ و به‌ راستی تێیگه‌یشتوون و بڵاوییانكردووه‌ته‌وه‌.

ئه‌ویش دوای ئه‌وه‌ی رۆژنامه‌ فه‌ره‌نسییه‌كه، به‌ناوی "لۆگۆرافی"‌، وه‌ك لێكچوواندنی مارین لۆپان، كاندید بۆ هه‌ڵبژاردنی داهاتووی سه‌رۆكایه‌تی فه‌ره‌نسا و دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، هه‌واڵێكی "هه‌ڵبه‌ستراوی ته‌نزئامێز"ی بڵاوكردووه‌ته‌وه‌، گوایه‌ ئه‌و ژنه‌ كاندیده‌، هاوشێوه‌ی تره‌مپ، بڕیاریداوه‌، دیوارێكی جیاكه‌ره‌وه‌ له‌نێوان فه‌ره‌نسا و جه‌زائیر درووست بكات و تێچووه‌كه‌شی ده‌بێت جه‌زائیر‌ بیدات و نووسیویه‌تی: "جه‌زائیر مه‌كسیكی ئێمه‌یه‌ و پێویسته‌ ئه‌و به‌رپرسیارێتییه‌ هه‌ڵبگرێت".

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ جگه‌ له‌ ده‌ریای ناوه‌ڕاست، هیچ سنوورێكی وشكانی له‌نێوان ئه‌و دوو وڵاته‌دا نییه‌.

.

رۆژنامه‌ی لۆگۆرافی، تایبه‌ته‌ به‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌واڵی ته‌نزئامێزی ره‌خنه‌گرانه‌ و "ساتیر" و له‌و چوارچێوه‌ش هه‌واڵه‌كه‌ی بڵاوكردووه‌ته‌وه‌، ناوه‌كه‌ی هه‌ڵگه‌ڕاوه‌ی پیته‌كانی رۆژنامه‌ی "لۆفیگارۆ"یه‌، به‌ڵام رۆژنامه‌ جه‌زائیرییه‌كان، به‌ شێوه‌یه‌ك له‌ هه‌واڵه‌كه‌ گه‌یشتوون، كه‌ مارین لۆپان به‌ راستی لێدوانێكی له‌و جۆره‌ی داوه‌ و هیچ به‌دواداچوونێكیان بۆ دڵنیابوونه‌وه‌ له‌ راستی و درووستی ئه‌و لێدوانه‌ نه‌كردووه‌.

رۆژنامه‌ فه‌ره‌نسییه‌كه‌ نووسیویه‌تی: "كاندیدی راستڕه‌وه‌كان بۆ سه‌رۆكایه‌تی، داوای له‌ عه‌بدولعه‌زیز بوته‌فلیقه‌، سه‌رۆكی جه‌زائیر كردووه‌، بڕی 9 ملیار و 360 ملیۆن یۆرۆ (نزیكه‌ی 10 ملیار دۆلار) كۆبكاته‌وه‌ و له‌ رێگه‌ی حه‌واڵه‌ی پۆسته‌وه‌، یان بانك، بۆ فه‌ڕه‌نسای ڕه‌وانه‌ بكات".

رۆژنامه‌ی "الحیاة" به‌بێ دڵنیابوونه‌وه‌ له‌ راستی و درووستی هه‌واڵه‌كه‌، ئه‌و قسه‌یه‌ی به‌ "لێدوانێكی بێزاركه‌ر" و "بێ پێشینه‌" وه‌سفكردووه‌، كه‌ ئه‌مه‌ یه‌كه‌مجاره‌ به‌رپرسێكی فه‌ره‌نسی له‌و ئاسته‌دابێت و به‌و جۆره‌ له‌ دژی جه‌زائیر لێدوان بدات، هه‌واڵه‌كه‌ش بووه‌ته‌ ناونیشانی سه‌ره‌كی رۆژنامه‌كه‌ و له‌ به‌رگی یه‌كه‌مدا، له‌گه‌ڵ وێنه‌یه‌كی مارین لۆپان بڵاوكراوه‌ته‌وه‌.

رۆژنامه‌ی "الفجر"یش به‌ هه‌مان شێوه‌، له‌لاپه‌ڕه‌ی دووه‌می خۆیدا، له‌ باره‌ی ئه‌و لێدوانه‌، نووسیویه‌تی: "جه‌زائیر سووته‌مه‌نی هه‌ڵمه‌ته‌كانی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی فه‌ره‌نسایه‌" و له‌ راپۆرته‌ هه‌واڵێكدا، ئاماژه‌ی به‌ لێدوانه‌كه‌ی مارین لۆپان كردووه‌.

بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌واڵه‌ش، جگه‌ له‌ گاڵته‌یه‌ك به‌و كاندیده‌، هیچ شتێكی دیكه‌ نییه‌.

Fly Erbil Advertisment