بارزانی: هەرێمی كوردستان ئامادەیە لە هەموو دۆخێكدا یارمەتیی مەسیحییەكان بدات
مەسیحییەكان نیگەرانییەكانی خۆیان لەبارەی ئاییندەی ناوچە ئازاد كراوەكان و قۆناغی دوای داعش بە سەرۆك بارزانی راگەیاند

K24 - ھەولێر
مەسعوود بارزانی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند: "هەرێمی كوردستان ئامادەیە لە هەموو دۆخێكدا یارمەتیی خوشك و برا مەسیحییەكان بدات".
ماڵپەڕی فەرمی سەرۆكایەتی ھەرێمی كوردستان رایگەیاندووە، ئەمڕۆ لە سەلاحەدین مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندی سەرۆكەكانی تاییفە مەسیحییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان كردووە، لە دیدارێكدا شاندی مەسیحییەكان سوپاسی هەڵوێستی سەرۆك بارزانی و حكوومەتی هەرێم و گەلی كوردستانیان كرد لە پاڵپشتیكردنی مەسیحییەكان لە كاتی تەنگانە و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو تەحەدیاتەی مان و نەمانی مەسیحییەكانی كردووەتە ئامانج، هەروەها وێڕای سەرەخۆشی لە كەسوكاری شەهیدانی پێشمەرگە پێزانینیان بۆ قارەمانێتی پێشمەرگە هەبوو و پیرۆزبایی سەركەوتنەكانیشیان لە سەرۆك بارزانی كرد لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش.
لە بەشێكی دیكەی دیدارەكەدا شاندی سەرۆكەكانی تاییفە مەسیحییەكانی عێراق و كوردستان نیگەرانییەكانی خۆیان لەبارەی ئاییندەی ناوچە ئازادكراوەكانیان و دوا پێشهاتە مەیدانییەكان و هەروەها قۆناغی دوای داعش بە سەرۆك بارزانی راگەیاند.
لە بەرامبەردا سەرۆك بارزانی سیاسەتی هەرێمی كوردستانی لەبارەی قۆناغی دوای داعش خستەڕوو و وێڕای ئاماژەدان بە سەرهەڵدانی داعش و پەلاماردانی تیرۆریستان بۆسەر پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكان ئەوەی دووپاتكردەوە كە هیچ كات لەگەڵ ئەوە نەبووە كە خوشك و برا مەسیحییەكان وڵاتی خۆیان جێ بهێڵن و هەر لەسەرەتای شەڕی داعش بەوانی ڕاگەیاندووە كە یان بەیكەوە بە ئازادی دەژیین یان پێكەوە بە سەربەرزی دەمرین. هەروەها هێمایشی بە بارودۆخی ئاڵۆزی قۆناغی دوای داعش دا و ڕایگەیاند كە هەرێمی كوردستان ئامادەیە لە هەموو دۆخێكدا یارمەتیی خوشك و برا مەسیحییەكان بدات بۆ ئەوەی ئاییندەیان گەرەنتی ببێت و بە دڵنیاییەوە بگەڕێنەوە ناوچەكانیان. سەرۆك بارزانی جەختیشی لەوە كردەوە كە پێویستە دانیشتوانی ناوچە ئازادكراوەكان بڕیاری كۆتایی لەسەر ئاییندەی خۆیان بدەن و بشتوانن خۆیان بپارێزن و بەڕێوە ببەن و پەیوەست بەم باسەوە ئامۆژگاری و ڕێنمایی پێویستی خستەڕوو.