لێكۆڵینەوە لە كوشتنی كۆڵبەران دەكرێت

بەڵێنی ئازادكردنی دەستگیركراوانی خۆپیشاندانەكانی بانە دەدرێت

K24 - ھەولێر

وەزارەتی ناوخۆی ئێران راستەوخۆ لێكۆڵینەوە لە پرسی كوشتنی كۆڵبەرە كوردەكانی بانە دەكات و قایمقامی ئەو شارەش بەڵێنی ئازادكردنی سەرجەم دەستگیركراوانی خۆپیشاندانەكانی بانە دەدات.

محەمەد فەلاحی، قایمقامی شاری بانەی رۆژھەڵاتی كوردستان رایگەیاند، وەزارەتی ناوخۆی ئێران لێكۆڵینەوە لە پرسی كوشتنی دوو كۆڵبەرە كوردەكەی شاری بانە دەكات و دوو شاند لە وەزارەتی ناوخۆ نێردراونەتە ناوچە سنوورییەكانی ئەو شارە و لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە دەكەن.

قایمقامی بانە، بەھۆی كوشتنی دوو كۆڵبەری كوردی بانە، داوای لێبوردنی لە خەڵكی ئەو شارە كرد و راشیگەیاند، سەرجەم دەستبەسەركراوانی خۆپیشاندانەكانی چەند رۆژی رابردوو ئازاد دەكرێن.

لە 4 ئەم مانگەدا، لە ئەنجامی تەقەی ھێزە ئەمنییەكانی ئێران لە ناوچەی ھەنگەژاڵی بانە دوو كۆڵبەری كورد گیانیان لەدەستدا و خەڵك لەبەردەم بینای قایمقامیەتی، خۆپیشاندانی ناڕەزاییان بەرێوەبرد و داوای دەستلەكاركێشانەوەی قایمقامی بانەیان كرد.

Fly Erbil Advertisment