"ئەوەی یەكێتی لێی دەترسێ رۆژانە روودەدات"
رەنگە كۆنگرە ببێتە ھۆی دۆخی لەناكاو و توانای كۆنترۆڵكردنی لە دەست بچێ
K24 - سلێمانی
بەپێی پێشنیازی ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەد و ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتی، دەبوایە لەم مانگەدا كۆنگرەی یەكێتی ببەسترێ، بەڵام بەھۆی ناكۆكیە نێوخۆییەكانی ئەو حزبە نەك ھەر كۆنگرە، بەڵكو نەتوانرا كۆبوونەوەش بكرێت، كادیرێكی پێشكەوتووی یەكێتی دەڵێت "ئەوەی یەكێتی لێی دەترسێ لە كۆنگرە رووبدات رۆژانە روودەدات".
ستران عەبدوڵڵا، ئەندامی مەکتەبی راگەیاندنی یەکێتی نیشتمانی كوردستان بە كوردستان24 راگەیاند: "ئەگەر رۆژی كۆنگرە دیاركرا واتا ئەو كات ئەركە قورسەكە دەست پێدەكات، بە دیتنی من پێویستە وادەی كۆنگرە ئاسانترین بابەت بێت كە رێكەوتنی لەسەر بكرێت، چونكە بەھۆی ئەو بارودۆخەی بەسەر كوردستاندا ھاتووە، ھەموو كێشەكانی حزبێكی سیاسی وەك یەكێتی لێی دەترسێ لە كۆنگرەدا رووبدات رۆژانە روو دەدات".
کادرێکی پێشكهوتووی یەکێتی پێی وایە بەر لە دیاریکردنی رۆژی بەستنی کۆنگرە پێویستە ئەندامانی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی کێشەکانی نێوانیان چارەسەربکەن، ئهگەرنا بەستنی كۆنگرە بەر لە یەکلاکردنەوەی کێشەکان رەنگە بارودۆخێكی نەخوازراو بێنێتە ئاراوە و مەبەست لە بارودۆخی نەخوازراویش، جیابونەوەی گرووپی دیكەیە لە یەکێتی لەپاش نەوشیروان مستەفا و بەرهەم ساڵح.
عەدالەت عەبدوڵڵا، كادیری پێشكەوتووی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە كوردستان24 گوت: "پێویستە پێش چوونە نێو كۆنگرە، كێشەكانی یەكێتی چارەسەر بكرێن، چونكە ئەگەر كێشەكان چارەسەر نەكرێن، رەنگە كۆنگرە ببێتە ھۆی ھەندێك دۆخی لەناكاو و توانای كۆنترۆڵكردنی لە دەست بچێت".
بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی پێویستە هەرچوارساڵ جارێك کۆنگرە ببەستیت، بەڵام سەرەتای لەدامەزراندییەوە لەساڵی 1975 ەوە تاکو ئێستا كە نزیکەی 43 ساڵ تەمەنی یەکێتییە تەنها 3 کۆنگرەو پلینیۆمێکی بەستووە.
ھ.م