ته‌رمی میر ته‌حسین به‌گ ده‌گاته‌وه كۆشكی میر
ئێزدییه‌كان بۆ میر ته‌حسین ماته‌م ده‌گێڕن

K24 - هه‌ولێر:
ته‌رمی میر ته‌حسین به‌گ، میری ئێزدییه‌كانی كوردستان و جیهان گه‌یشته‌وه قه‌زای شێخان و خه‌ڵكی ناوچه‌كه و ئه‌و ئێزدییانه‌ی له چه‌ندین وڵاتی ناوچه‌كه و جیهانه‌وه هاتبوون، به رێوڕه‌سمی تایبه‌ت پێشوازییان له ته‌رمی میری كۆچكردوو كرد و به رێوڕه‌سمی تایبه‌ت به‌ره‌و كۆشكی میر له‌ناو قه‌زاكه له‌سه‌ر شان ته‌رمه‌كه‌یان هه‌ڵگرتبوو.
هه‌ر چه‌نده ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه 4/2/2019 ته‌رمی میر ته‌حسین به‌گ له ئه‌ڵمانیاوه گه‌یشته‌وه هه‌رێمی كوردستان و له فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر رێوڕه‌سمێكی تایبه‌ت بۆ پێشوازیكردن له ته‌رمه‌كه‌ی به‌ڕێوه‌چوو، به‌ڵام ئه‌نجوومه‌نی رۆحانی ئێزدییه‌كان رایگه‌یاندووه، رۆژی سێشه‌ممه 5/2/2019 له شیخان به‌خاك ده‌سپێردرێ و بۆ ماوه‌ی حه‌وت رۆژ پرسه‌ی بۆ داده‌نرێت.
ئه‌و ئیزدییانه‌ی قسه‌یان بۆ په‌یامنێری كوردستان 24 كرد له قه‌زای شێخان ده‌ڵێن: "میر ته‌حسین له‌ناو ئێزدییه‌كان به گشتی و ئێزدییه‌كانی قه‌زای شێخان خاوه‌ن پێگه و رێز و خۆشه‌ویستی بووه‌و رۆڵی گرنگی هه‌بووه له چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانیاندا و په‌یوه‌ندییه‌كی باشی له‌گه‌ڵ ئیزدییه‌كان هه‌بووه".
رۆژی 28/1/2019 میر ته‌حسین به‌گ، له نه‌خۆشخانه‌یه‌كی شاری هانۆڤه‌ری وڵاتی ئه‌ڵمانیا كۆچیی دوایی كرد. له‌سه‌ر راسپارده‌ی سه‌رۆك بارزانی ته‌رمه‌كه‌ی له ئه‌ڵمانیاوه گه‌ڕینرایه‌وه كوردستان و رێوڕه‌سمێكی تایبه‌تی بۆ سازكرا.
میر تەحسین کۆڕی سەعید بەگ کوڕی عەلی بەگ کوڕی حسین بەگ.
دایکی: خۆخێ کچی نایف بەگ کوڕی حەسەن بەگ کوڕی حسێن بەگ.
میر تەحسین لە 15 مانگی ئابی ساڵی 1933 لە باعەدرێی سەر بە قەزای شێخان لە دایکبووە.
لە کوتایی مانگی تەمووزی ساڵی 1944 لە تەمەنی 11 ساڵیدا بووه به میری ئێزیدیان وەکو جێگرەوەی باوکی و مەیان خاتوونی دایکی وەصی لەسەری وەصی بوو هەتا گەییشتووە تەمەنی بلۆغ.
میر تەحسین سێ جار ژیانی هاوسەرگەری پێکهێناوە و ئەم منداڵانەی خوارەوە هەیە:
کوڕەکان (زیاد، سەعید، مەروان، سەربەست، حازم. فەرهاد، سەرهات، عیصمەت)
کچەکان (هەدیە، نەفیە، نەسرین)
قوناغەکانی ژیانی:
- لە نیسانی 1959 لە کاتی بزاڤی شەواف زیندانیی کراوە
- لە سەرەتای 1960 هەتا تەمووزی 1961 بۆ عه‌مارە و بەغدا و دیوانیە سەرنه‌گووم کراوە
- لە کاتی دەستپێکردنی شۆڕشی ئەیلوول له ساڵی 1961 زیندانیی كراوه و بۆ دادگای عورفی مووسڵ گواستراوه‌ته‌وە.
- لە ساڵی 1970 په‌یوه‌ندی به شۆڕشی ئەیلوول كردووه‌و لە ناوپردان لە نزیک بارەگای بارزانی نەمر نیشتەجێ بوو بوو.
-لە ساڵی 1975 بەرەو بەریتانیا رووشتووە و بۆ 7 ساڵ لە لەندن ماوه‌ته‌وە.
- لە رۆژی 9/ 9/ ساڵی 1981 گەڕاوه‌ته‌وه عێراق.
- هەڕەشەی کوشتنی لەسەربووه‌و دوو جاریش بریندار بووە. یەکەم جار لە 18/2/1992 لە نیوان مووسڵ و شێخان و جاری دووەم لە 22/9/2003 لە نیوان ئەلقۆش و شێخان.
- دیداری لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە پادشا و سەرۆک و سیاسەتمەداری دەوڵەتان هه‌بووه. دیسان پاپی ڤاتیکانی بنینیوە و داکۆکی لە مافەکانی ئێزدییان کردووە.
- سندۆقێکی خێرخوازی بە ناوی خۆی دروستکردووە و داهاتی پەرستگای لالش له‌و سندووقه تەرخانکردووە.
-حەزی لە زانست و خوێندن بوو
-چەندین خەڵات و ریزلینانی نێودەوڵەتی سەبارەت پێکەوەژیان و لێبوردەیی و ئاشتی وەرگرتووە.